سەعدی پیرە: ھیچ لایەنێك لە گیرفانی سەرۆك وەزیراندا نییە

"ناكرێ ھەر رۆژە و كەسێك رازی بكات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەبارەی وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەی نوێی عێراق، ناھەقییە گوێ لە یەكێتی نەگیرێ، دەشڵێت، ھیچ لایەنێك لە گیرفانی عادل عەبدولمەھدیدا نییە.

سەبارەت بە وەرگرتنی وەزارەتێك لە بەغدا گوتی: "عادل عەبدولمەھدی لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێك ناھەقە وەڵامی یەكێتی ناداتەوە، دەیەوێت لەبەر رازی كردنی خەڵك ئەوە بكات، ئەگەرنا ھەقی نییە گوێ لە داخوازی یەكێتی نەگرێت كە 21 كورسی ھەیە، ئەگەر بیەوێت ھەر رۆژە و كەسێك رازی بكات، ھەركەسێك چاوی لێ سووركردەوە بترسی ناتوانی بەو جۆرە حوكمڕانی بكات، ئەوەی دەبینرێت سەرەتاییەكی باش نییە لە كابینەی نوێ، ھیوادارین نەبێتە ھۆی گرژیی زیاتر لە عێراق".

ئەوەشی خستەڕوو: "عادل عەبدولمەھدی دەچێتە لای ھەر لایەنێك دەڵێ ئەوەی دیكە لە گیرفانی مندایە، ھیچ لایەنێك لە گیرفانی ئەودا نییە، دەتوانی سیستمێك دانێ و بەپێی ئەو سیستمە وەزیر لە لایەنەكان قبووڵ بكات".

 گوتیشی: "ھیواخوازین ئەو گرژیەی ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر ئەو ھەشت وەزارەتە دروست بووە، نەگاتە ئەوەی ئاستەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست لەکاربکێشیتەوە".