نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە

"لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 195 دۆلار بەرزبووەتەوە"

K24 - ھەولێر

بەهۆی ناڕوونییەکان بە دۆخی بازاڕ و مەترسییەکان لە داکەوتنی زیاتری ئابووری جیهان، نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ لەسەرەتای ئەمساڵەوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 195 دۆلار بەرزبووەتەوە، و شرۆڤەکاران دەڵێن، کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکەکانی ناوەندیەوە بۆ پاڵپشتی لە ئابووری وڵاتەکانیان هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە و پێشبینی دەکەن، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بۆ دوو هەزار دۆلار بەرزبێتەوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی زیاتر لە 0.7% بۆ ئاستی 1711 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی رۆژی سێشەممەی رابردوودا نرخی ئەو کانزا زەردە بە رێژەی لە 1.9% بۆ بەرزترین ئاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2012 بەرزبووەوە، بە جۆرێک نرخی هەر ئۆنسەیەکی 1746 دۆلار و 50 سەنت دۆلاری تۆمارکرد.

هاوکات لە راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگدا هاتووە، نرخی زێڕ لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەرێژەی لە 13% واتە 195 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

جێفری هالی، شرۆڤەکار لە بازاڕی ئاواندا پێی وایە، لەگەڵ ئەوەی نرخی زێڕ بۆ ترۆپکی بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا ئەو دۆخە تەماویە بەسەر بازاڕ و جیهاندا باڵی کێشاوە، ئەوەش پاڵپشتی لە زێڕ کردووە کە زیاتر بەرزبێتەوە.

هاوکات ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، بەهۆی ئەو پاکێجە پاڵپشتییەی ئەمەریکا کە قەبارەکەی دوو ترلیۆن دۆلار بوو هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و پشکەکان بوو لەم چەند رۆژەی دواییدا.

هەروەها مایکل مەکارسی گەورە راوێژکاری بازاڕەکان لە کۆمپانیای سی ئێم سی مارکێتس دەڵێت، مەترسییەکان لەبارەی داکەوتنی زیاتری ئابووری جیهان، و دابەزاندنی رێژەی سوود لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، وایکردووە نرخی زێڕ بەو شێوەیە بەرزبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان پێشبینی دەکەن، ئەگەر بەو شێوەیە بازاڕ ئاڵۆز بێت و ئاراستەی گەشەی ئابووری جیهان ناڕوون بێت، ئەوا لەسەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ ئاستی 2000 دۆلار بەرزبێتەوە.