پێشمه‌رگه‌ رێگای نێوان دهۆك و رۆژئاوای دیجله‌ ده‌كاته‌وه‌

بابه‌كر زێباری: له‌سه‌ر داخوازی هاووڵاتیانی رۆژئاوای دیجله‌وه‌ رێگاكه‌ ده‌كرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ریگه‌ی نێوان سحێلا و زوممار و شنگال له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ بكرێته‌وه.

بابه‌كر زێباری، سه‌رپه‌رشتیاری میحوه‌ری رۆژئاوای دیجله‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ كوردستان 24ـی راگه‌یاند: "وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی نێوان دهۆك بۆ ناحیه‌ی زومماری به‌ رێگای سحلای ده‌ركردووه‌و له‌م هه‌فته‌یه‌دا رێگاكه‌ ده‌كرێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها گووتی: "به‌هۆی بڕیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و داخوازی هاووڵاتیانی رۆژئاوای رووباری دیجله‌، رێگای نێوان دهۆك و ناحیه‌ی زوممار له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ نیین له‌و به‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ یان نا، چونكه‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا نییه‌".

بابه‌كر زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "ئه‌و رێگایه‌ی ده‌چێته‌ ناحیه‌ی ره‌بیعه‌ و له‌وێوه‌ ده‌چێته‌ شنگال، هێشتا بڕیاری كردنه‌وه‌ی نه‌دراوه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی شنگال ده‌توانن له‌ رێگه‌ی زومماره‌وه‌ بچنه‌وه‌ شنگال و هاتووچۆ بكه‌ن".

پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق هاتنه‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای رووباری دیجله‌، رێگه‌ی سه‌ره‌كی نێوان دهۆك و رۆژئاوای دیجله‌ داخرابوو.