سەرۆك بارزانی و شاندێكی باڵای فەتح قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆك بارزانی: گەلی كوردستان خاوەن دۆزێكی ڕەوایە

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای هاوپه‌یمانی فه‌تح كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كانییان تاووتوێ كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، رۆژی شەممە 13ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆكایەتیی ئەبوجیهاد كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی هاوپەیمانێتیی فەتح وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستان و عێراق كێشەكانی جەختیان لە چارەسەركردنی نێوان هەرێم و بەغدایان كرد.

شانده‌كه‌ ئەوەیشیان دووپاتكردەوە كە كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەبێت.

لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دووپاتیكردەوە، گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە و ڕاشیگەیاند، كردنەوەی لاپەڕەی تازە و چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لەسەر بنەمای تەوافوق و ڕەچاوكردنی شەراكەت بێت ئەوەیش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی گرفت و كێشەكانی ڕابردوو.