20 ملیار دینار له پرسی قه‌ره‌بووی ئاواره‌كان و زیانلێكه‌وتووانی لافاو به‌هه‌ده‌ر دراوه
K24 - هه‌ولێر:
دیوانی چاودێری دارایی عێراق رایگه‌یاند، دوای وردبینییه‌كی ئاسایی له دۆسیه‌ی قه‌ره‌بووی لافاوه‌كانی 2014 و هاوكاریكردنی ئاواره‌كان، ده‌ركه‌وتووه زیاتر له 20 ملیار دینار به‌هه‌ده‌ر دراوه و گه‌نده‌ڵی تێدا كراوه.
دیوانی چاودێری دارایی عێراق دووپاتیش له‌وه ده‌كاته‌وه، پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین له ریزبه‌ندی یه‌كه‌می پارێزگاكانه له رووی گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕییه‌وه.
سه‌ڵاح نوری خه‌له‌ف، سه‌رۆكی دیوانی چاودێری و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی به وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نی هاوبه‌شی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، رۆڵێكی دیاری له به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه.
روونیشی كرده‌وه، له دوو دۆسیه‌ی گرنگ، كه قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی لافاوی 2014 و ئاواره‌كان بوون، له به‌شێك له پارێزگاكان، زۆرترین گه‌نده‌ڵیان تێدا كراوه و له رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نه هاوبه‌شه‌كه به كاتێكی كه‌م كاری له‌سه‌ر كراوه.
به گوێره‌ی گوته‌ی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی، ده‌ركه‌وتووه، به‌شێكی زۆر له‌و پاره‌یه‌ی ته‌رخان كرابوو، نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاواره‌كان، كه بڕیاربووه هه‌ر خێزانێك ملیۆنێك دیناری پێبدرێت، له درێژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیشیان ئه‌و كه‌لێن و كێشانه‌یان ده‌ستنیشانكردووه و قه‌باره‌ی گهندهڵییهكهش ته‌نها له‌و كه‌یسه‌دا، ده‌گاته 8 ملیار دینار له بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌تی.
سه‌ڵاح نوری خه‌له‌ف، باس له گه‌نده‌ڵییه‌كی 12 ملیار دیناری ده‌كات، ئه‌ویش له پرسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی لافاوهكانه، قه‌باره‌ی گهندهڵییهكانیش ته‌نها له‌و دوو دۆسیه‌دا، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی 20 ملیار دینار.
ئ. م