پارتی و گۆڕان پێكھێنانی حكوومەت تاوتوێ دەكەن

گفتوگۆ لەسەر رەوشی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا لە شاری ھەولێر كۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پارتی و گۆڕان كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە بارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێدەكەن".

بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌ و دوێنێش ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھەولێر كۆبوونەوە.

سەبارەت بە ئەجندای كۆبوونەوەكە سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی بۆ نه‌هێشتنی ساردی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی و باشتركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان بوو".

گوته‌بێژی یه‌كێتی راشیگەیاند: "یه‌كێتی داوای شه‌ره‌كه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پارتی ده‌كات و مه‌رجیش نییه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌رده‌می په‌نجا به‌ په‌نجا".