تره‌مپ كلیلی كۆشكی سپیی به‌خشییه جوله‌كه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له میانی رێكه‌وتنی نێوان ئیمارات- به‌حره‌ین - ئیسرائیل، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كلیلێكی به‌نرخی برۆنزی له ناو بۆكسێكدا به‌خشییه بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل. له‌ناو سندوقه‌كه‌دا جگه له كلیله‌كه، وێنه‌یه‌كی كۆشكی سپیی تێدا بوو.
تره‌مپ گوتی: "ئه‌مه دیارییه‌كی زۆر به‌نرخه بۆ ئێوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رۆژێكی زۆر گه‌وره‌یه له مێژووی ئه‌مه‌ریكا".
7 هه‌فته ماوه له‌به‌رده‌م سه‌رۆك..
هه‌موو ئه‌و مانۆره ئاشتییه‌ی له كۆشكی سپی به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌شێكه له مانۆڕی سه‌رخستنی دۆناڵد تره‌مپ له هه‌ڵبژاردنی نۆڤه‌مبه‌ری 2020.
تره‌مپ ته‌نیا 7 هه‌فته‌ی ماوه چاره‌نووسی یه‌كلابێته‌وه، كه ئایا له كۆشكی سپی ده‌مێنێته‌وه یان به پێچه‌وانه‌وه كێبڕكێكاره دیموكراته‌كه‌ی (جۆ بایدن) ده‌چێته جێگاكه‌ی.
ئه‌وه‌ی تێبینییه له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌مه‌ریكادا لۆبی جوله‌كه پاوه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تییه.
ئه‌وه‌ی كه روویدا له رۆژی 15ی ئه‌یلول و پێشتریش له رۆژی 13ی ئاب، به‌شێكه له‌و هه‌وڵه پێشوماره‌ی سه‌رخستنه‌وه‌ی تره‌مپ.
داڕێژه‌ری مانۆڕه‌كه‌ش زاواكه‌ی تره‌مپ (جارید كۆشنێر)ه، كه راوێژكاره له كۆشكی سپی. ئه‌و له ئێستادا به‌هێزترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسییه‌كانی ئیسرائیل و عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو هه‌یه.
كۆشنێر بۆ هه‌ڵبژاردنی 2020، له رێی خه‌زوورییه‌وه كلیلی كۆشكی سپیی راده‌ستی ئیسرائیل كرد، بۆ ئه‌وه‌ی لۆبی جوله‌كه له ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی بردنه‌وه‌ی تره‌مپ بكه‌ن. وێڕای ئه‌وه‌ی له ئێستادا كۆشنێر به‌هێزترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه سیاسی و به‌هێزه‌كانی (ئیباك) هه‌یه، كه بریتییه له لیژنه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ كاروباری گشتی ئیسرائیل. ئیباك رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی جوله‌كه‌یه. به‌هێزترین گروپی فشار (لۆب)ی جوله‌كه‌یه له ئه‌مه‌ریكا و كاریگه‌ری گه‌وره‌شیان له‌سه‌ر كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و ئامانجیان گرنگی پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكایه بۆ ئیسرائیل.
بایدن به‌نهێنی پشتگیری تره‌مپی كردووه..
هه‌روه‌ها گه‌وه‌ر راوێژكاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاڵێوراوی دیموكراته‌كان (جۆ بایدن) به توندی پشتگیری ئیداره‌ی تره‌مپی كرد، بۆ هاوكاری نێوه‌ندگیری رێكه‌وتنی ئاشتی نوێ له نێوان ئیمارات - به‌حرین - ئیسرائیل و پێیوایه، ئه‌م رێكه‌وتنه ده‌ستكه‌وتێكی پۆزه‌تیڤه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تره‌مپ. ئه‌م لێدوانه‌ی جیك سولیڤان ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، كه له قازانجی تره‌مپ ده‌شكێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پێداگری له‌وه‌كرد، بایدن به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی و دوور له چاوی كامێرا پێشوازی له‌م هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ كردووه.
له‌دوای ئیمزاكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئیمارات - به‌حرین - ئیسرائیل، ئیڤانكا تره‌مپ له تویتێكدا نووسیویه‌تی: "(رێكه‌وتنی ئیبراهیم ئیمزاكرا)، ئیمزاكردنێكی مێژوویی به‌رێوه‌چوو، كه ده‌وڵه‌تانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له په‌یڕه‌وی فاشستێتی رابردوو رزگاری ده‌بێت. دوای سه‌ده‌یه‌ك له دابه‌شكاریی و ململانێ. ئێمه به ده‌ركه‌وتنی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ ئاهه‌نگ ده‌گێڕین".
هه‌روه‌ها بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلیش نووسیویه‌تی: "سوپاس بۆ سه‌رۆك تره‌مپ. به‌شێوه‌یه‌كی بێوێنه شانبه‌شانی ئیسرائیل و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی تاران وه‌ستایت و به‌شێوه‌یه‌كی واقیعی ده‌ڕوانیت بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین. سه‌ركه‌وتوو بوویت له‌و نێوه‌ندگیرییه ئاشتییه مێژوویه‌ی كه ئیمزاكرا".
ئومێدێك نییه بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین ..
ئه‌م رێكه‌وتنه ده‌بێته چواره‌م رێكه‌وتن له نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، ئه‌ویش له‌دوای هه‌ریه‌ك له رێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل- میسر له ساڵی 1979 و ئیسرائیل - ئوردن ساڵی 1994. به‌ڵام به‌م دوو رێكه‌وتنه‌شه‌وه پێناچێت ئومێدێك هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، چونكه كێشه‌ی فه‌له‌ستین كێشه‌ی خاك و نه‌ته‌وه‌یه. فه‌له‌ستینییه‌كان پێیانوایه خاكه‌كه‌یان داگیركراوه. هه‌ر دوابه‌دوای راگه‌یاندنی رێكه‌وتنه‌كه ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك له غه‌ززه‌وه ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرا و ژماره‌یه‌ك برینداری لێكه‌وته‌وه.
بۆیه چاودێرانی سیاسی زیاتر جه‌خت له دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی فراوان له‌نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل بۆ گۆشه‌گیركردنی ئێران ده‌كه‌ن. تۆماس فریدمان له سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێكدا نوسیبووی: "گه‌وره‌ترین دۆڕاو له‌م نێوه‌نده‌دا ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌تی".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كاسلین ترویا مكفارلاند، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می مایكل فلینی راوێژكاردا كه له چوار مانگی یه‌كه‌می ئیداره‌ی تره‌مپ له‌پۆسته‌كه‌یدا بوو، له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ فۆكس نیوز، گوتی: "ئه‌م رێكه‌وتنه ته‌نیا رێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئیمارات و به‌حره‌ین نابێت، به‌ڵكو درێژه ده‌كێشێت بۆ سعوودیه و سوڵتاننشینی عوممان". گوتیشی: "جگه له بواری گه‌شتوگوزاری، كه‌لچه‌ری و بازرگانی زۆر بواری تریش له‌خۆ ده‌گرێت".
5 ده‌وڵه‌تی دیكه‌ش له خۆده‌گرێت..
دۆناڵد تره‌مپ زۆر پێداگیری له هاتنی ده‌وڵه‌تانی دیكه بۆ ناو رێكه‌وتنه‌كه ده‌كات، جارید كۆشنێر له گه‌ڕی هه‌واڵه‌كانی سی ئێن ئێندا و سه‌عاتێك دوای رێكه‌وتنه‌كه، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، رێكه‌وتنه‌كه كه‌متر له 5 ده‌وڵه‌تی دیكه‌ش له خۆده‌گرێت.
ئه‌وه‌ی له ناوه‌نده میدیاییه‌كانی ئه‌مه‌ریكیدا باسی لێوه ده‌كرێت، جگه له سعوودیه و میرنشینی عوممان، باس له سوودان، عیراق و كوه‌یتیش ده‌كرێت، كه دواجار وا لێیده‌ڕوانرێت ببێته ناتۆی عه‌ره‌بی، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
كۆشنێر له قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ی دركاند، كه پێده‌چێت عه‌ره‌بستانی سعوودیه به فه‌رمی دان به ئیسرائیل‌دا بنێت. وه‌ك پێداگرییه‌كی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ، گوتی: "په‌یوه‌ندی تره‌مپ به سه‌ركرده‌كانی كه‌نداوه‌وه گۆڕانكاری گه‌وره‌ی له په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و عه‌ره‌ب دروستكردووه".
دوێنێ 15ی ئه‌یلول له كۆشكی سپی رێكه‌وتنی نێوان ئیمارات - به‌حره‌ین - ئیسرائیل به‌ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و عه‌بدوڵڵا بن زاید، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات و عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌لزیانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین واژووكرا.
H.B