دیداری ئاڵوگۆڕی روانگەکان بۆ سەقامگيری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت

بە سپۆنسەریی میدیایی كوردستان24 دیداری مێری 2018 بەڕێوەدەچێت

K24 – هه‌ولێر:

سبەی سێشەممە 23/10/2018 دیداری مێری 2018 بۆ گەنگەشەکردنی روانگەکان و سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە سپۆنسەريى ميديايى كوردستان24 لە ھەولێر دەستپێدەكات.

چەندین كەسایەتی سیاسی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەشداری لەو دیدارەدا دەكەن و لە پانێڵەكاندا گفتوگۆ لەبارەی پرسە گرنگەكانی ھەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت. ھەروەھا ئەو دیدارە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگ و سەرەکییەکان، داڕێژەرانی سياسەت و بڕیاربەدەستان و ئەکاديمستان لەسەر ئاستی نيشتمانی و نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، لەبارەی دیدارەکە رایگەیاند: "چەندین پانێڵ و دانیشتنی تێر و تەسەر بەڕێوەدەچن کە چەندین سەرکردەی سیاسی، بیرمەند، باڵیۆز و خەڵکی قیادیی لە عێراق، وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی قسەی تێدا دەکەن".

د. دلاوەر پێیوایە ئەم دیدارە گرنگی زۆری هەیە، چونکە ئێستا کوردستان و عێراق لەسەروبەندی پێکهێنانی دوو حکوومەتن، بۆ ئەمەش دەبێت: "سەرکردەکان بە خەڵک بڵێن کە سیاسەتیان چی دەبێت و بارودۆخ و چارەنووسی ئەو خەڵکە بەکوێ دەگات".

سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری یەکێک لە هۆکارەکانی رێکخستنی ئەو دیدارە بۆ درووستکردنی كولتووری گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە جەنگ دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت: "سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەنابردنە بۆ چەک، دەبێت سیاسییەکان کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، چونکە سەقامگیری گشتی بۆ هەموو لایەک گرنگە".

ناوەڕۆکی پانێڵەکانی رۆژی یەکەم 23/10/2018:

لە کاتژمێر 9ی بەیانی پانێڵی یەکەم، باس لە "ریفۆرم لە سیستمی حکومڕانی: لامەرکەزیەت و بە دامەزراوەیيکردن" دەکرێت، بۆ  ئەم باسەش، هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و عەلی دووای لازم ئەلفەرتوسی، پارێزگاری میسان وەک قسەکەر بەشدار دەبن و تورهان ئەلموفتی، وەزیر، سەرۆکی سکرتاریەت و نوێنەری حکوومەت لە پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتیاری پانێڵەکە دەکات.

پانێڵی دووەم کە کاتژمێر 11:15 دەستپێدەکات، "دەوڵەتسازی و نیشتمانسازی لە عێراقێکی لاواز" دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ، هەریەک لە عەدنان ئەلزورفی، ئەندام پەرلەمانی عێراق  و پارێزگاری پێشووی نەجەف، عەدنان فیحان، سەرۆکی کۆمیتەی سیاسی عەسائیب ئەهلی هەق، جاسم ئەلحیلفی، ئەندامی کۆمیتەی سیاسی هاوپەیمانی سائیرون، جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و عه‌دنان فه‌يحان سه‌رۆكى كۆميته‌ى سياسى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق، یەحیا ئەلکوبەیسی، راوێژکاری سەنتەری عێراقی بۆ دیراساتی ستراتیژی لە عەممان، بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو، ئەم پانێڵەش تاڵیب محەمەد کەریم، جێگری سەرۆکی سەنتەری رافیدەین لە نەجەف سەرپەرشتیاری دەکات.

"کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەبێت" ناونیشانی پانێڵی سێهەم کە کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات. قسەکەرانی ئەم پانێڵە مەلا بەختیار، لێپرسراوى ده‌سته‌ى کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نەزمی گوڕ، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا، خالید عەزیزی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی دیموکراتی کوردستان دەبن. دلاوەر عەلائەدین وەک سەرپەرشتیار بەشداری پانێڵەکە ده‌كات.

پانێڵی چوارەم بەناوی "یەکێتی ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناڤین: دەوڵەتسازی بۆ رێگرتن لە توندوتیژی" کاتژمێر چوار و 15 خولەک دەستپێدەکات. رامۆن بڵێکوا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق. ستیڤن بلۆکمانز، لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی ئەوروپی لە برۆکسڵ. تینا گادێ، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی نەرویجی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی. کامەران محه‌مه‌د، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی مێری، قسەکەرانی پانێڵەکە دەبن. سەرپەرشتیاری پانێڵەکە مۆرتێن بۆوس لە ئینستیتیوتی نەرویجی بۆ کاروباری نێودەڵەتی دەبێت.

ناوەڕۆکی پانێڵەکانی رۆژی دووهەم 24/10/2018:

یەکەم پانێڵی رۆژی دووهەم و پێنجەم پانێڵی دیدارەکە بەناونیشانی "سه‌قامگیریی یاسایی له‌ عێراق و رۆڵی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وله‌تی" کاتژمێر 9ی بەیانی دەستپێدەکات. قسەکەرانی دیدارەکە برونۆ پاسکینۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، هانسی ئێسکوبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، ئێریک ستراتینگ، جێگری باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، جۆن تاکنات، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا و تانیا گلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەبن.

"هێزە ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیەكان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین: دەرفەتەكانی ململانێ و هاوكاری" دەبێتە ناونیشانی پانێڵی شەشەم و ئیبتسام ئەلکیتبی، دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری سیاسی ئیمارات. تەها ئۆزان، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئینستیتیوتی ئەنكەرە و سەرۆكی پێشووی لێژنەی كاروباری دەرەكی لە پەرلەمانی توركیا. رەنج عەلائەدین، لێکۆڵەری پێشکەوتوو لە ئینستیتیوتی بروكینز و محەمەد بن سەغەر ئەلسولەیمی، سەرۆكی ئینستیتیوتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دیراساتی ئێران لە شانشینی سعوودییە قسەکەرەکان دەبن. ستیڤن بلۆکمانز لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی ئەوروپی لە برۆکسڵ وەک سەرپەرشتیار بەشداردەبێت.

کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ لە پانێڵی حەوتەم پرسی، "هێزە ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیيەكان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین: دەرفەتەكانی ململانێ و هاوكاری" دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ. قسەکەرانیش لە ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق. رامۆن بڵێکوا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق. فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق. ئالبێرتۆ فێرناندێز، سه‌رۆكی تۆڕەكانی راگەیاندنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێکهاتوون. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق سەرپەرشتیاری پانێڵەکە دەکات.  

لەدواین پانێڵ کە کاتژمێر 4 و 15 خولەکی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، "بیركردنه‌وه‌ی جیهانی، كاركردنی لۆكاڵی و ئاسۆكانی داهاتوو" دەبێتە ناونیشانی باسەکە. هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەمار ئەلحەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە پرسەکە تاوتوێدەکەن.

بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی کاتی پانێڵ و ناوتۆمارکردن سەردانی ئەم لینکە بکە.

H.J