ھەدەپە: دژی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكان دەوەستینەوە

"لە توركیا كودەتای سپی روویدا"

K24 - ئەنقەرە

لەبارەی دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكانی دیاربەكر و مێردین و وان، ھاوسەرۆكی ھەدەپە رایدەگەیەنێت، لە توركیا كودەتای سپی روویدا و دژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە.

سەزای تەمەللی ھاوسەركی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند: "دژی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكان دەوەستینەوەی و ئەو بڕیارە بڕیارێكی نایاساییە".

ھاوسەرۆكی ھەدەپە، گوتیشی: "لە توركیا كودەتای سپی روویدا".

ئاماژەی بەوەشكرد: "توركیا كێشەی كورد چارەسەر نەكات، ناتوانێ كێشەكانی دیكەی چارەسەر بكات".

سەزای تەمللی، راشیگەیاند: "دەسەڵاتی توركیا ناتوانێت وڵات بەڕێوەببات، بۆیە رەوایەتی بە توندوتیژی دەدات".

ئەوەشی خستەڕوو: "داوا لە دیموكراتخوازانی توركیا دەكەین لەسەر ئەو پێشێلكاریانە بێنە دەنگ، دەبێ رێز لە دەنگی خەڵك و سندووقەكانی ھەڵبژاردن بگیرێت، بەم كارانە توركیا لە دیموكراسی دوور دەكەوێتەوە. ئێمە دەست لە سیاسەتی خۆمان ھەڵناگرین و بەردەوام دەبین لە تێكۆشان بۆ چەسپاندنی دیموكراسی لە توركیا".

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەر یەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون.

ھ.م