بۆڵتن نهێنییه‌كانی "كۆشكی سپی" ده‌دركێنێت
K24 – هه‌ولێر:
راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا "جۆن بۆڵتن" بڕیاره رۆژی 23ی ئه‌م مانگه كتێبێكی نوێ له باره‌ی ئیداره‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌ی و بیره‌وه‌رییه‌كانی له كۆشكی سپی بڵاوبكاته‌وه. له‌و كتێبه‌دا بۆڵتن پرۆسه‌ی ده‌ركردنی بڕیاری سیاسی له كۆشكی سپی به "شه‌ڕی منداڵان له سه‌ر خواردنی قوتابخانه" وه‌سفكردووه.
له‌و كتێبه‌دا بۆڵتن چه‌ندین نهێنی له باره‌ی ئیداره‌ی تره‌مپه‌وه ئاشكرا كردووه و نووسیویه‌تی: كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه له كۆشكی سپی یان له هۆڵی رۆزفێڵت وه‌ك چنگه‌ڕنێ بووه له‌سه‌ر خواردن له قوتابخانه‌كاندا، ته‌نیا هه‌ڵپه‌ی ده‌ركردنی بڕیار كراوه به بێ ئه‌وه‌ی بۆچوونی كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند به چاره‌سه‌ری كێشه‌كه وه‌ربگیرێت یاخود بزانرێت بژاره‌كان چین.
وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا، به سیفه‌تی داواكاری گشتی بڕیاری داوه سكاڵا له دژی بۆڵتن تۆمار بكات و به‌وه تۆمه‌تباری كردووه، كه نهێنییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئاشكرا كردوون و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سوێنده ره‌فتاری كردووه، كه له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا خواردوویه‌تی.