ته‌ندروستی جیهانی: ئاماده‌كاری بۆ راگه‌یاندنی كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، ئاماده‌كاری بۆ ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به په‌تایه‌كی جیهانی رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و هه‌نگاوه بنێن.
مایك رایان، پسپۆڕ له رێكخراوی ته‌ندروستی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دووپاتیكرده‌وه، هێشتا زووه ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی رابگه‌یه‌نین، گوتیشی: رێكخراوه‌كه‌یان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه نه‌نێت.
لای خۆیه‌وه تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبریسۆس، سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه جه‌ختی كرده‌وه، پێویسته جیهان بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره ئاماده بێت، كه ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی رابگه‌یه‌ندرێت.
دووپاتیشیكرده‌وه، زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌و ڤایرۆسه له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا له ئێران، كۆریای باشوور و ئیتاڵیا جێگای نیگه‌رانییه‌كی زۆره.
هه‌روه‌ها گوتی: رێكخراوه‌كه‌یان له‌كاتێكدا سیفه‌تی جیهانی به بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تایه‌ك ده‌دات، كه ئه‌و په‌تایه به ئاسانی له مرۆڤێكه‌وه بۆ مرۆڤێكی دیكه بگوازرێته‌وه و به‌خێرایی به جیهاندا بڵاوببێته‌وه.
H.B