ئێران کڕیاری نوێ دەدۆزێتەوە

ئێران و ئەمەریکا سوورن لەسەر پاشگەزنەبوونەوە لە دژایەتیکردنی یەکدی

K24 – هه‌ولێر:

کۆماری ئیسلامی ئێران چەند کڕیارێکی بۆ نەوتەکەی دۆزیوەتەوە تاکو لە کاتی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بتوانێت نەوت هەناردە بکات.

ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی سەرەتای مانگی داهاتوو، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ "سفر بەرمیل" کەمبکاتەوە بەڵام تاران دەڵێت ئەگەرچی ئەوان هەندێک کڕیاریان لەدەست داوە بەڵام هاوبەشی نوێیان بۆخۆیان دۆزیوەتەوە.

ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆکی ئێران، لە لێدوانکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی (ئای ئاڕ ئای بی) رایگەیاند: "ئەگەرچی هەندێک وڵات کڕینی نەوتیان لە ئێران راگرتووە، ئێمە هاوبەشی نوێمان دۆزیوەتەوە و لە پەیوەندیشدا دەبین لەگەڵ کڕیارەکانی ئێستامان".

جەهانگیری دەشڵێت: "ئەمەریکا وادەزانێت سعوودییە دەتوانێت جێگای ئێران بۆ هەناردەی نەوت بگرێتەوە، بەڵام ئێستا نەوتی ئێران گەیشتۆتە 80$ بۆ هەر بەرمیلێک، ئەگەر ئێمە نیوەی پێشووش نەوت هەناردە بکەین، هەمان داهاتمان دەبێت".

ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆک لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاندبوو، ئەمەریکا دەیەوێت لە رێگای سزا ئابوورییەکانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی رژێمی ئێراندا بکات.

H.J