یەكەم شەھیدی ریفراندۆم خەڵكی كه‌ركووك بوو

بنەماڵەی یەكەم شەھیدی ریفراندۆم: ئێستا لە جاران بە گوڕتین بۆ سەربەخۆیی كوردستان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

له‌ساڵیادی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بنەماڵەی یەكەم شەھیدی ریفراندۆم خەڵكی شاری كەركووكن و ئێستا لە ھەولێر دەژین، باس لە رۆژەكانی بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پەیامی سەرۆك بارزانی دەكەن لەو رۆژەدا.  

برای یەكەم شەھیدی ریفراندۆم گوتی: دوای  تێپەڕینی 3 ساڵ بە سەر ریفراندۆمدا و لە دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر و دەركردنیان لە كەركووك، ئێستا لە سەر رێبازەكەیان سوورترن بۆ چركەیه‌كیش پەشیمان نین لە بەشداریكردن لە ریفراندۆم.

دلێر 3  ساڵە لە كەركووك و قەلاكەی دوورە؛ بە تاسەوە تەماشای دیمەنی ئەو رۆژانە شار و بنەماڵە و برا شەھیدەكەی دەكات، كە یەكەم شەھیدی ریفراندۆم بوو لە شاری كەركوك.

دلێر عەبدولقادر، برای شه‌هید گوتی: ھیچ كات ئەو چركە ساتە لە بیرناكه‌م كە بڕیار درا كەركووك وەك شارێكی كوردستانی بەشداری ئەو پرسە نەتەوه‌ییە بكات.

شەھید رائید عەبدولقادر لە دایكبووی 1992ه‌و، لە رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی ریفراندۆم لە كەركووك؛ گەرچی وەك پێشمەرگەیەك لە ئەركدا بووە و وەك براكەی باسیكرد، ئەوەندە بە جۆش و خرۆش بووە لە دوای بیستنی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بووەتە پێشەنگی بانگەشەكارانی ریفراندۆم، بەڵام شەھیدبوونی رائید و ئاوارەبوونى بنەماڵەكەی دلێر و خانەواده‌كەى لە كوردایەتیی دوور نەخستووەتەوه.

دلێر عەبدولقادر، برای شه‌هید گوتی: ئێستا لە جاران بەگوڕترین.

لەو رۆژانەی لە سەرجەم شارەكانی ھەرێمی كوردستان بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەستیپێكردبوو، كەركووكيش بەشداری لەو پرسە نەتەوەییەدا كرد، گەنجانی شاری كەركووك دڵخۆش بوون و لە كاتی بانگەشەیان بۆ ریفراندۆمى سەربەخۆیی كوردستان چەند گەنجێك لە لایەن ھێزيكى چەكدارەوه دەكەونە بەر دەستڕێژی گوللـە و رائید عەبدولقادر شەھید دەبێت و دەبێتە یەكەمین شەھیدی ریفراندۆم.