عێراق دەچێتە پاڵ چوار رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژە یاسا دەكات كە تایبەتن بە چوونە پاڵ چوار رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی .

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، كارنامەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی بڵاو كردووەتەوە، كە لە 12 خاڵ پێكدێت و كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەكات، بەپێی ئەو كارنامەیە، ئەمڕۆ پەرلەمان، خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوونە پاڵی عێراق بۆ رێككەوتننامەی داننان بە بڕیارەكانی تەحكیمی بیانی 1958  و جێبەجێكردنیان دەكات.

ھەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای چوونە پاڵی عێراق بۆ رێككەوتننامەی گواستنەوەی وشكانی نێودەوڵەی ساڵی 1975 دەكات. ھەروەھا خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوونە پاڵی عێراق بۆ رێككەوتننامەی ناسنامەی دەریاكان ساڵی 2003 دەكات. جگە لەوەش خوێندەوەی یەكەم بۆ چوونە پاڵی عێراق بۆ رێككەوتننامەی كاری دەریایی ساڵی 2006 دەكات.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جگە لەوانەش چەند پڕۆژە یاسایەكی دیكە خوێندنەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

ھ.م