دڵنیایی دەدرێتە فەرمانبەران و ھێزی پێشمەرگە

"دەمانەوێت لەمەودوا ئەو بابەتانە دووربن لە پرسە سیاسییەكان"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارانی كورد دڵنیایی دەدەنە فەرمانبەرانی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە، كە لە بودجەی 2019ـی عێراق مووچە دابین دەكرێت.

بەشار كیكی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ـی راگەیاند: "زۆر گەشبینین كە دەتوانین بودجە و ھەموو مافەكانی فەرمانبەرانی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە لە بودجەی 2019 جێگیر دەكرێن".

گوتیشی: "لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ ھەموو فراكسیۆنەكانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە گفتوگۆداین. دەمانەوێت ھەموو خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەینەوە ئەو مافانە جێگیر دەكرێت، دەمانەوێت لەمەودوا ئەو بابەتانە دووربن لە پرسە سیاسییەكان".

ئاماژەی بەوەش كرد، خەریكە زۆربەی كێشەكانی سەردەمی عەبادی لەنێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێن.