نێچيرڤان بارزانى و حه‌لبووسى پرسى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوويان تاوتوێكرد‌

حه‌لبووسى تەئكیدیكردەوە لەسەر بەشداری كارای هێزە كوردیيەكان لە سیاسەتی ئیدارەدانی دەوڵەت

K24 – هه‌ولێر:

له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا شاندى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق محه‌ممه‌د حه‌لبووسى، كۆبوويه‌وه‌ و پرسى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقيان تاوتوێكرد.

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى محەممەد حەلبوسی بڵاويكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ياندا، هه‌ردوولا گفتوگۆیان بەشێوەیەكی فراوان سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كردووه‌، بە جۆرێك لەگەڵ خواستەكانی گەلی عێراق و پتەوكردنی پەيوەندیيە هاوبەشەكان بێت لەنێوان ناوەند و هەرێم.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: حه‌لبووسى تەئكیدیكردەوە لەسەر بەشداری كارای هێزە كوردیيەكان لە سیاسەتی ئیدارەدانی دەوڵەت و پێشكەشكردنی بۆچوونیان لە ئامادەكردنی بەرنامەی حكومەت.

جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی دەستخستنە ناو دەستی یەكتری لە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز، كه‌ لە توانایدابێت سەقامگیری سیاسی و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری دابين بكات و دەستكەوتە بەدیهاتووەكان بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بپارێزێت.