ناوەرۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و هاوپەیمانێتی بوونیادنانەوە و چاکسازی ئاشكرا كرا

"پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق تاوتوێكرا"

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندی هاوپەیمانێتی بوونیادنانەوە و چاکسازی لە سلێمانی لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە، یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد.

لە راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھاتووە: "ئەمرۆ 15/10/2018 لە شاری سلێمانی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی، شاندی هاوپەیمانی چاكسازی ‌و بنیاتنانەوە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆی وردو بەرپرسیارانە كرا لەبارەی دۆخی عێراق ‌و پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ‌و بەشداری سەرجەم پێكهاتەكان ‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق".

 وەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە: "هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئامادەكردنی كارنامەی هەمەلایەنەی حكوومەتی نوێی بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان ‌و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی‌ و پرۆسەی سیاسی، كە تێدا عێراق بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە بەهێزبێت".

 لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی یەكێتی ئەوەخراوەتەروو: "كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم ‌و ناوەند گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، بەتایبەتی پرسی كەركووك ‌و ناوچە جێناكۆكەكان ‌و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوورو چارەسەركردنی كێشەی نەوت‌و گاز و بودجە‌ و پێشمەرگە بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق".