"له نێوان مه‌خمور و حه‌ویجه‌دا 20 هه‌زار كه‌س خه‌ریكه ده‌مرن"
K24 - هه‌ولێر:
روانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له باره‌ی روودانی كاره‌ساتی مرۆیی، له قه‌زای شڕگاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به دیاریكراوی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه نێوان مه‌خموور و حه‌ویجه‌وه هۆشداریی ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت "به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆ خنكێنه‌ره‌ی رێكخراوی داعش خستوویه‌تیه سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه و به‌هۆی هه‌ڵمه‌ته‌كانی رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان، 20هه‌زاری هاووڵاتی سڤیل له‌و ناوچانه‌دا رووبه‌ڕووی مردن ده‌بنه‌وه".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی روانگه‌كه، چه‌كدارانی داعش لاوازیی بارودۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه و په‌نابردنی ئاواره‌كانی مووسڵ بۆ خێوه‌تگه‌كانی بێجی و تكریتیان قۆستووه‌ته‌وه‌و به‌هۆی خراپی مامه‌ڵه‌كردن و كه‌می خۆراكیش، ده‌كه‌ونه ژێر چنگی چه‌كدارانی داعشه‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی روانگه‌ی عێراقی "داعش گه‌مارۆی سه‌ر سڤیله‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه‌و خۆراكه‌كانیش بۆ چه‌كدارانی خۆی كۆده‌كاته‌وه، چونكه هه‌ستیان به‌وه كردووه كه ئۆپراسیۆنی سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ش نزیك بووه‌ته‌وه".
روانگه‌ی عێراقی هۆشداریی ده‌داته حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ده‌ڵێت "قه‌یرانه‌كه زۆر گه‌وره بووه‌و داوای لێده‌كات ده‌ست به جوڵه بكات و به‌هۆی كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی ئاسمانیی و رێگا زه‌مینییه‌كانی دیكه، خۆراك بگه‌یه‌نێته خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه و هاوكارییان بكات تا به سه‌لامه‌تی رزگار ببن، به‌رله‌وه‌ی بكه‌ونه به‌ر گوللـه‌ی نیشانشكێنه‌كانی داعش".
لای خۆیانه‌وه چاودیران وای ده‌بینن، دواخستنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌شی باكووری قه‌زای شڕگات له لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه، بووه‌ته هۆی زیادبوونی هه‌ژموونی داعش له ناوچه‌كانی، حه‌ویجه و زابی خواروو و به‌و هۆیه‌شه‌وه سه‌دان كه‌سی سڤیل رفێنراون و داعش وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان ده‌هێنێت".