مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ: توركيا له‌ ئه‌مريكا ئارامتره‌

رۆژانه‌ له‌ ئه‌مريكا خه‌ڵك زياتر ده‌كوژرێت تا له‌ توركيا

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی توركيا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی ھۆشداری ئەمریکا لەمەڕ گەشتکردن بۆ تورکیا رایگەیاند: "توركيا له‌ ئه‌مريكا ئارامتره‌".

چاوشئۆغڵو لە دوای سەردانی بۆ شوێنی كوژرانى کونسوڵی گشتی تورکیا لە لۆس ئەنجیلۆس، کەماڵ ئاریکان لێدوانى بۆ رۆژنامه‌نووسان دا.

سه‌باره‌ت به‌ هۆشدارى ئه‌مريكا بۆ سه‌ردانكردنى توركيا، چاوشئۆغڵو گوتى: "تورکیا لەچاو ئەمریکا وڵاتێکی کەم ئارامتر نییە. ئەگەر بە پێچەوانەوە بڵێین، ئەوا تورکیا لەچاو ئەمریکا وڵاتێکی زۆر ئارامترە".

مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "کاتێک سەیری رووداوەکانی رۆژانە و ھێرشەکان لە شارە جیاکانی ئەمریکا دەکەین لە رووی ژمارەی ئەو کەسانەی رۆژانە دەکوژرێن، دەبینرێت کە تورکیا وڵاتێکی زۆر ئارامترە بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە دوژمنایەتی بیانی لە تورکیا بوونی نییە و گوتیشی: "ئێستا دەبینین کە دوژمنایەتی بیانی لە ئەمریکا لە ئاستێکی رادەبەدەرە. دیارە کە ئیدارەی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ و خودی سەرۆک چۆن سوکایەتی بە وڵاتانی دیکە دەکەن. ئێستا لەم دۆخەدا لە رووی گەشتکردن، ئەمریکا ئارامترە یاخود تورکیا؟ بۆیە ھۆشداری گەشتکردن لە لایەن ھاوپەیمانێکەوە بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا بە رێگەی سادە، بە راستی کارێکی جددی نییە. ئێمە وەڵاممان دایەوە. لە ھەڵومەرجی ئاساییدا نامانەوێت شتێک بکەین".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ