داعش شێواز و تاكتیكی هێرشه‌كانی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌گۆڕێت

له‌ماوه‌ی ته‌نیا 10 رۆژدا چه‌ندین هێرشیان له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامداوه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

هۆشداری لەبارەی جموجوڵەکانی داعش و فراوانبوونی هێرشەکانی دەدرێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوی شێواز و تاكتیكی هێرشه‌كانیان دوای كوژرانی كه‌سی یه‌كه‌می رێكخراوه‌كه‌یان بۆ شه‌ڕی پارتیزانی گۆڕیوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگاكانی دیاله‌، كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 10 رۆژ، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان له‌و ناوچانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی داعش و ده‌ستگه‌یشتنیان به‌ چه‌ك و پێداویستی،‌ لیوا محه‌مه‌د سابیر، پسپۆری سەربازی ده‌ڵێت، مانه‌وه‌ی سنووره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ده‌ستگه‌یشتنیان به‌ چه‌ك و پێداویستی و له‌ رووی مادییشه‌وه‌ ده‌ستێكی ده‌ره‌كی پاڵپشتیان ده‌كات، هه‌روه‌ها هۆکاری فراوانبوونی هێرشەکانی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ش بۆ ئەو بۆشایە ئەمنییە دەگەرێنێتەوە، كه‌ لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دروست بووە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوای چەندین هێرشی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی کوڵەجۆ، پێشمەرگە هێزی زیاتری رەوانه‌ی ناوچەکە کردوە و خۆی بۆ هەر هێرشێکی دیکە ئامادە کردوە، بەڵام  هێزە ئەمنیەکانی عێراق بە پێچەوانەوە،  سەرقاڵی خۆپیشاندانەی پارێزگاکانی عێراقن. تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ش ناسر هه‌ركی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: حکوومەتی عێراقمان لە مەترسیەکانی داعش ئاگادار کردوەتەوە و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، چارەسەر تەنها هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراقە.

هۆكاری سه‌ره‌كی زۆربوونی جموجووڵی چەکدارانی داعش نەبوونی هەماهەنگییه‌ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، پسپۆڕانیش دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، تاکە چارەسەر گەرانەوەی پێشمەرگەیە، به‌ڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ھەنگاوی كرداری بۆ دروستكردنی ئه‌و ھەماھەنگییه‌ نەناوە، داعشیش ئەم بۆشاییە ئەمنییەی بەدەرفەت زانیوه‌.

H.B