ئه‌ندام كۆميته‌یه‌كى یه‌كێتى له خانه‌قین تیرۆر كرا
K24 - گه‌رمیان:
شه‌وی رابردوو، چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵی ئه‌ندام كۆمیته‌یه‌كی یه‌كێتی له خانه‌قین و له ناو ماڵه‌كه‌یدا تیرۆری ده‌كه‌ن و كوڕێكیشی بریندار ده‌كه‌ن.
ھێمن مه‌نسوور، کارگێری مەڵبندی یەکیتی لەخانەقین بەکوردستان 24ى راگەیاند, دره‌نگانى شه‌وى رابردوو, چه‌ند چه‌كدارێكى نه‌ناسراو هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی (حسێن عه‌لی مه‌عروف) و له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا تیرۆریان كردووه.
به گوێره‌ی لێدوانه‌كه‌ی کارگێری مەڵبندی یەکیتی لەخانەقین, جگه له تیرۆركردنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمیته‌كه، كوڕێكیشی به ناوی عومه‌ر له رووداوه‌كه بریندار بووه.
رووداوه‌كه له گوندى شێرك-ى سه‌ر به قه‌زاى خانه‌قین روويداوه و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ده‌ستیپێكردووه.
ھێمن مه‌نسوور، ئاماژەی بۆئەوەش کرد ئەندامەکەیان ھیچ کیشەيه‌كی کۆمەڵایەتی نیيە و ھۆکاری کوژرانیشی نازانن.
له دوای هێرشه‌كانی میلیشیاكانی حه‌شد و هێزه عێراقییه‌كان له 16 ئۆكتۆبه‌ر و راده‌ستكردنی كه‌ركووك و خورماتوو ناوچه كوردستانییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی ناو حزبێكی دیاریكراو، ره‌وشی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه تێكچووه و تا ئێستاش نه‌توانراوه كۆنتڕۆڵ بكرێت.
پێشتریش كامێرامانێكی كوردستان تی ڤی به‌ناوی ئه‌ركان شه‌ریف له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له گوندێكی سه‌ر به داقوق تیرۆر كرا و تا ئێشتا بكوژانی دیار نین.
به‌هۆی ئاڵۆزی ره‌وشی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ش، تا ئێستا زیاتر له 183 هه‌زار هاووڵاتی كوردی نیشته‌جێی ئه‌و ناوچانه، ئاواره بوونه و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵه‌كانییان.