وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێك لەبارەی داماڵینی چەك دەدات

"دەست بەسەر چەكە بێ مۆڵەتەكان دا دەگیرێت"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك لەبارەی داماڵینی چەك دەردەكات. بەپێی نووسراوێك كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، دەست بەسەر چەكە بێ مۆڵەتەكان دادەگیرێت كە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە ھەڵدەگیرێت.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ھاتووە: "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 و بەپێی یاسای چەك ژمارە (16)ی ساڵی 1993، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەت چەكی قورس و مامناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنھا لە دەست ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارماندا بە:

1- داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف.

2- دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەی كە لەلایەن ھاووڵاتیان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری رێكاری یاسیی بەرامبەریان.

3- لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن.

4- لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەكرێت ئەوانەی دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە ئاماژەی پێكراوە رادەستی بكەن.

5- ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونی كاری پێدەكرێت بۆ ماوەی 6 مانگ.

6- دوای كۆتای ھاتنی ئەو ماوەی كە لە بڕگەی (5)ی سەرەوە دیاری كراوە ھەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی بەپێی یاسای چەك رەوانەی دادگا دەكرێت.

7- ئەم بەیانە لە رۆژنامەی وقائعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

دەقی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ
دەقی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ

ھ.م