خەریکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ریمۆنتادا بەسەر مێسیدا دەکات

کریستیانۆ لە دوایین 8 یاریی 17 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکردووە

سێ مانگ لەمەوبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ برینداربوو، ئاستی خراپ بوو، کلیلی گۆڵکردنی ون کردبوو، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە سێ مانگ ریمۆنتادای بەسەر هەموو ئەمانەدا کرد و خەریکە پێشەنگی گۆڵکارانی سەرجەم و خول و پاڵەوانێتییەکان دەگرێت.
لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنیا خاوەنی پێنج گۆڵ بوو لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، کەچی لیۆنێل مێسی 14 گۆڵی هەبوو، بەڵام ئێستا دوای پێنج مانگ، کریستیانۆ ریمۆنتادای بەسەر مێسیدا کردووە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 37 گۆڵی هەیە و پێشەنگی گۆڵکارانی ئەوروپایە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، مێسیش دووەمە بە 35 گۆڵ.
سێ مانگ لەمەوبەر زۆربوون ئەوانەی گرەویان لەسەر کوژانەوەی ئەستێرەی گەشی دۆن دەکردن لە ئاسمانی تۆپی پێی جیهاندا، کەمبوون ئەوانەی پێشبینی بکەن دۆن بگەڕێتەوە سەر رێچکەی گۆڵکردن، چونکە کریستیانۆ لەم وەرزە لە مانگی ئۆگێستەوە لە کۆی پێنج مانگ تەنیا پێنج گۆڵی لە لالیگا کردبوو، کەچی کریستیانۆ لە 2018 هەمووانی شۆک کرد و تاکە یاریزانە لەسەر ئاستی سەرجەم خولە بەهێزەکانی ئەوروپا لە لالیگا 18 گۆڵی کردبێت، تاکە یاریزانیشە لە 2018 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەسەر ئاستی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا 21 گۆڵی تۆمارکردبێت.
کریستیانۆ ئەوەندە خراپ کلیلی گۆڵکردنی ونکردبوو، سێ مانگ لەمەوبەر زیاتر لە 23 شووتی پێویستبوو تاکو گۆڵێک تۆمار بکات، بەڵام ئێستا بە هەر سێ شووتێک گۆڵێک تۆمار دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ جگە لەوەی بە تۆمارکردنی 12 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگە و بە تۆمارکردنی 37 گۆڵ هاوشانی هاری کەین گۆڵکاری ئەوروپایە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، بەو سوپەر هاتریکەی بەرامبەر جیرۆنا تۆماریکرد، بووە خاوەنی 22 گۆڵ لە لالیگا و بە پێش لویس سوارێز کەوتەوە و تەنیا سێ گۆڵ لە مێسی پێشەنگەوە دوورە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، ماڵپەڕی کۆنفیدیشنیالی ئیسپانی رایگەیاندبوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە هاوڕێکانی لە ریال مەدرید گوتووە لە کۆتاییدا لەم وەرزە هەمووو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری لالیگا و تاکو ئێستاش لەسەر رێگایەکی راست دەڕوات، بەڵام نازانرێت لە کۆتایی ئەم وەرزە دۆن بۆ چوارەمجار دەبێتە گۆڵکاری لالیگا و ریکۆردی مێسی هاوتا دەکاتەوە، یانیش لیۆ پێشەنگ بەر نادات و بۆ پێنجەمین وەرز خەڵاتی پیچیچی دەباتەوە.

ریزبەندیی گۆڵکارانی لالیگا
ریزبەندیی گۆڵکارانی لالیگا