عەدنان موفتی: دەبێ کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکان دانووستان بکات

"بڕیاری پوچەڵكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە مایەی سەرسوڕمانە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیاند، دەبێت کورد لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و مافە دەستوورییەکان و بودجەی هەرێمی کوردستان دانوستاندن بکات. ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت کورد یەکڕیزی ناو ماڵی خۆی بپارێزێت و بە یەکدەنگی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات.

عەدنان موفتی، بە كوردستان24 گوت: "ئەو كێشانەی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق دروستبوون، كە ھەندێك لایەن تانەیان لەد ئەنجامەكان داوە و پەرلەمانی عێراقیش پڕۆژە بڕیارێكی بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان پەسند كردووە و ئاراستەی كۆمسیۆنی كردووە، لە ھەمانكاتدا تانە لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دراوە، پێویستە گفتوگۆ دەست پێبكات، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق تووشی كێشە زیاتر نەبێت و كێشەكانی گەلانی عێراق چارەبكرێن، ناكۆكییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەپێش ھەموویانەوە".

گوتیشی: "ئەگەر كورد گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات، دەبێ داواكارییەكان تایبەت بن بە پرسە نەتەوەیی و مافە دەستوورییەكان، وەك كەركووك و پێشمەرگە، بودجەی ھەرێمی كوردستان".

عەدنان موفتی ئاماژەی بەوەشكرد: "بڕیاری پوچەڵككردنەوەی دەنگی پێشمەرگە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی سەرسوڕھێنەرە، لەبەرامبەر ھەموو ئەمانە دەبێ كورد یەكڕیزی خۆی بپارێزێ و بە یەكدەنگی گفتوگۆ بكات".

ھ.م