دوو كۆڵبەر بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانەی قەڵادزێ

یەكێكیان نەشتەرگەری بۆ دەكرێت

K24 - پشدەر

هێزە سەربازییەكانی ئێران لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان ــ هەرێمی کوردستان لە سنووری پشدەر تەقە لە کۆڵبەران كرد و دوو کۆڵبەر بریندار بوون.

عوسمان ئەحمەد، بەڕێوبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی نوێی قەڵادزێ بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دوو بریندار بە ناوەکانی سیامەند محەمەد عەبدوڵڵا تەمەن 19 ساڵ و سیروان حوسێن عەبدوڵڵا تەمەن 25 ساڵ گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە لەکاتی کۆڵبەری، لەلایەن ھێزە سەربازییەكانی ئێران لە سنووری گوندی زەڵێی قەزای پشدەر تەقەیان لێکراوە و بریندار بوون".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بریندارەکان خەڵکی گوندی ساوەی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتن و یەکێکیان فیشەک بەر قاچی و ئەوی دیكەیان گولـلە بەر سکی کەوتووە و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت".

ھ.م