هه‌ولێر ریمۆنتادای به‌سه‌ردا كرا
له گه‌ڕی چواره‌می خولی نایابی عێراق، یانه‌ی هه‌ولێر له نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر یانه‌ی سناعات كاره‌با به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر 3 گۆڵ دۆڕا.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 4 ئاداری 2020، له نێو یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری یانه‌ی هه‌ولێر به‌بێ هانده‌ر میوانداریی سناعات كاره‌بای كرد.
له ده‌ستپێكی گێمی یه‌كه‌م یانه‌ی سناعات له رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی به گۆڵێك پێشكه‌وت، دواتر یانه‌ی هه‌ولێر له رێگه‌ی شوان مامۆ به لێدانی پێناڵتی ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، گێمی یه‌كه‌م به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
له خوله‌كی 58 حوسێن عه‌بدولواحید ناوه‌راستكاری یانه‌ی هه‌ولێر به لێدانی پێناڵتی گۆڵی دووه‌م و پێشكه‌وتنی یانه‌كه‌ی تۆمار كرد.
خۆشییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر زۆری نه‌برد، كاتێك سناعات دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد.
له خوله‌كی 62 ئه‌نه‌س مالیك ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ یانه‌ی ساناعات كاره‌با یه‌كسان كرده‌وه، ئه‌م یاریزانه له خولی نایابی كوردستان یاری بۆ یانه‌ی شێروانه ده‌كات.
دواتر له خوله‌كی 71 یانه‌ی سناعات كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو گۆڵی سێیه‌میشی تۆمار كرد و یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
یانه‌ی هه‌ولێر له كۆی 4 یاری ئه‌م وه‌رزه 2 بردنه‌وه و 2 شكستی هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ساناعاتیش هاوشێوه‌ی هه‌ولێر 2 بردنه‌وه و 2 شكستی هه‌یه.
له كۆتایی یارییه‌كه گرژی روویدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یارییه‌كه به بڕیارێكی فه‌رمی ده‌بوو به‌بێ هانده‌ر به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك هانده‌ر له نێو یاریگه بوون و ئاژاوه‌یان دروست كرد و په‌لاماری ناوبژیوانیان دا، به‌ڵام رێگرییان لێكرا.