تورکیا باجی لەسەر چەند بەرهەمێکی ئەمەریکی زیادکرد
K24 – ههولێر:
لە وەڵامی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، تورکیا باجی لەسەر چەند کاڵا و بەرهەمێکی هاوردەکراوی وەک ئەتۆمبێل، تووتن و ماددە کحولییەکان لەسەر ئەمەریکا بۆ دوو هێند زیادکرد.
ئازادنەکردنی قەشە ئەمەریکییەکە و تەنگەژە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، وایکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باج لەسەر ستیل و ئەلەمنیۆمی هاوردەکراوی تورکی بۆ ئەمەریکا زیادبکات.
فوات ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی زیادکردنی باج لەسەر ئەو بەرهەمە ئەمەریکییانە نووسیویەتی: "باج لەسەر چەند بەرهەمێکی هاوردەکراو زیادکراوە، ئەمەش لە وەڵامی ئیدارەی ئەمەریکایە بۆ بەمەبەست هێرشکردنە سەر ئابوورییەکەمان".
لەم ساڵدا، لیرەی تورکی 40%ی بەهاکەی خۆی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی لەدەستداوە.
لە دواین کاردانەوەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش، دوێنێ سێشەممە هەڕەشەی بایکۆت کردنی بەرهەمە ئەلیکترۆنییە ئەمەریکییەکانی کرد.
H.J