"ئەمەریكا پشتی كورد بەرنادات"

"پێشهاتە سياسیيەکانيش نابێت تەنيا لەسەر لايەنێك حيساب بکرێ"
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

ئەمەريکيیەکان بە وردی چاودێری رەوشی ئێستای عێراق دەکەن، کۆنگرێسمانێکی ناوداری ئەمەريکا رایدەگەیەنێت، ئەوان هەرگيز پشتی کورد بەرنادەن و لە حكوومەتی داھاتووی عێراقیشدا، دەبێ پێگە و سەنگی کورد بەهێزتر بێ لە جاران.

ئيڵيێت ئێنگڵ، ئەندامی باڵای کۆميتەی کاروباری دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمەريکا بە كوردستان24 راگەیاند: "پێويستە لەسەر ئەمەريکا زۆر بە ئاشکرا و روونیبکاتەوە بۆ هەمووان، کە ئێمە پشت لە هاوپەيمانانی خۆی ناکات، بە بڕوای شەخسی خۆم کورد هەقی بە دەوڵەت بوونی هەيە، بۆچی نەتەوەکانی دیكە ئەو مافەيان هەبێت و کورد نەيبێت".

سەبارەت بە مافی گەلان و دیموكراسی لە عێراق. دان تواينينگ، سەرۆکی ئينستيتيووتی کۆماری نێودەوڵەتی لە واشنتن دەڵێت: "مافی ديموکراسيەت دەبێ بۆ هەموو عێراقيەکان وەك يەك بێ، خاڵی دووەم ئەوەيە کە دەسەڵات نابێت تەنيا بۆ بەغدا قۆرخ بکرێت، بەڵكو دەبێ دەسەڵات دابەش بکرێت. ھەروەھا ئاکام و پێشهاتە سياسیيەکانيش نابێت تەنيا لەسەر لايەنێك حيساب بکرێ و دەبێت دووربێ لە دەستیوەردانی دەرەکیش، عێراقيیەکان دەبێ زۆر وردبن لەسەر ئەمە".