فه‌یلییه‌كان به‌دوای ژماره‌ی شووناسی خۆیانن و داواكارییان هه‌یه‌

سه‌رژمێری ده‌بێته‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسیاری فه‌یله‌ییه‌كان؟
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لە سەروبەندی ئامادەکاريیە تەکنیكييەکان بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی عێراق لە مانگی 10ی ساڵی 2020، کوردانی فەیلی لە بەغدا داوا دەکەن لە فۆرمی سەرژمێریيەکەدا خانەیەك بۆ دەستنیشانکردنی نەتەوە دابنرێت بۆ ئەوەی کوردانی فەیلی لە بەغدا و خوارووی عێراق ئاماری راستەقینە و شووناسی خۆیان بدۆزنەوە.

سەرژمێری گشتی لە عێراق ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە چونکە دواجار ئاماری درووستی تەواوی عێراقیيەکان بە ھەرێمی کوردستانەوە دەخاتەڕوو، ئەمە لە حاڵەتێك ئەو پرۆسەیە بێ ساختە و پێشێلکاری لە کەشوھەوایەکی دیموکراسی بەرێوەبچێت، کوردانی فەیلی داوا دەکەن کە لە فۆرمی سەرژمێریدا خانەیەك بۆ دیاریکردنی نەتەوە دابنرێت، بۆ ئەوەی لە بەغدا و بەشێك لەو شارانەی کە فەیلی تێدا دەژین، ئاماری درووست و شووناسیان دەرکەوێت.

حزبی بەعسی رووخاو ھەوڵێکی تەواوی خستبووەگەڕ بۆ سڕينەوەی شووناسی کوردانی فەیلی و گۆڕینی نازناویان بە ھۆزەکانی عەرەب و پەرتەوازەکردنیان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش بووە ھۆی ئاوارەیی و دەربەدەری و روبەرووبونەوەی چەندین نەھامەتی،  تاکو ئێستاش بەشێکیان بێبەشن لە رەگەزنامەی عێراقی و ترسی گەرانەوەیان ھەیە بۆ ناو خاکەکەیان ، بۆیە تاکە ئەندامە کوردە فەیلیەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێی وایە سەرژمێری ناتوانێ وا بە ئاسانی ئاماری راستەقینەی ئەوان دەربخات.

بریارە لە 20ی 10ی 2020 سەرژمێری گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرێوەبچێت بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی گشتی سەرژمێری بە چاودێری وەزارەتی پلاندانان دەستیکردووە بە ئامادەکاریيە تەکنیکیيەکان، 200 ملیار دیناریش بۆ ئەو پرۆسەیە تەرخانکراوە، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمیش سەرەکیترین داواکاریان ئەوەیە لە فۆرمی سەرژمێری خانەی دەستنیشانکردنی نەتەوە دابنرێت.