سلێمانی دەكەوێتە نێوان بەرداشی دوو بە دووی یەكێتی و گۆڕان

"وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان بەسەرچووە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێ پۆستی پارێزگاری سلێمانی دووساڵ بە دووساڵ بێت، دوو ساڵی یەكەم لای یەكێتی بوو دواتر درا بە بزووتنەوەی گۆڕان ئێستاش وادەكەی تەواو بووە و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای وایە پێویستە یەكێتی و گۆران لەسەر ئاستی حزبەكانیان بڕیار لەسەر چاره‌نووسی پۆستی پارێزگار بدەن.

  ململانێ حزبەکان لەسەر دەسەڵات و  پۆستە ئیدارییەکان لەسنوری  پارێزگای  سلێمانی گرفتی بۆ مامەڵە ئیدارییەکانی ھاووڵاتییان لە دامەزراوە حکوومییەکان دروستکردووە، زۆرجار چەقی ململانێکان لەشاری سلێمانی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارەی گرتووەتەوە کە گرنگترین ناوەندی بڕیاردانی شارکەیە. ھاووڵاتییانیش داوادەكەن ململانێکان كاریگەری نەبێت لەسەر بەڕێكردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان.

دانا محەمەد، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سلێمانییە ئەو دەڵێت: "لای ھاووڵاتیان گرنگ ئەوەیە كێ زیاتر خزمەت بە خەڵك و نیشتمان دەكات، گرنگ نییە كێ لەكام پۆست بێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە لە سەرپشکی یەکێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، پێوایە بۆ ئەوەى جارێکی دیكە ململانێ سیاسییەکان کاریگەری کاروباری  پارێزگای سلێمانی  نەبێت، پێویستە ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەسەر پرسی پۆستی  پارێزگارى سلێمانی  کۆببنەوە و رێككەوتنێكی نوێ ئەنجامبدەن.

ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لە 30 نیسانی ئەمساڵەوە وادەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لەنێوان گۆڕان و یەكێتی بەسەرچووە، بەڵام تائێستا یەكێتی و گۆڕان دانیشتنی تایبەتیان لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە، ئەمەش بەھۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئێستاش مقۆ مقۆ و سكاڵا تۆماركردنە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان".

ھەر لەسەر ئەو پرسە ئەنور تاھیر، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە  سەر فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەی خستەروو: "دوای پێكھێنانی حكوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی بۆ خوولی دووەم و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، پارێزگاری سلێمانی لە پۆستەكەی دەست بەكاردەبێت تا ئەوكاتەی ئەنجوومەنی داھاتووی پارێزگا ھەڵدەبژێردێتەوە".

بە گوێرەی رێكکەوتنی سیاسی یەکێتی و گۆڕان، لەسەر حکوومەتی خۆجێی  و  پۆستەكانی  پارێزگای سلێمانی  و ھەڵەبجە کە  لە 13 بڕگە  پێکھاتووە  لە  بڕگەی  1،3٣،7 کە تایبەتە  بەشێوازی دابەشکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئاماژە بەوەدەکات کەماوەی مانەوەی  پۆستی پارێزگار لای بزووتنەوەی گۆران لە 30 نیسان 2018 کۆتایی پێدێت، کۆتا وادەی دەسەڵاتەکانی ھەرسێ پارێزگاری ھەرێمی كوردستان 25/6/2018ە لە دوای ئەوەش تاکو  ھەڵبژادنی پارێزگاکان سەرۆك و  ئەندامانی ئەنجوومەنەکان وەك کاربەڕێکەر لە کارەکانیان  بەردەوام دەبن تا ھەڵبژاردن ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت.

 ھ.م