حكوومه‌ت روونكردنه‌وه له باره‌ی مووچه و بودجه ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌فین دزه‌یی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا، له‌گه‌ڵ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه بۆ ناردنی بودجه له له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ كوردستان ده‌كرێت.
هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریان داوه به به‌ڵگه‌وه روونكردنه‌وه بۆ هه‌موو لایه‌ك بده‌ن.
رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند، حكوومه‌ت له ساڵانی 2014 تاكو 2018 نه‌یتوانیوه پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا ئاماده‌یه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له ساڵی 2018، حكوومه‌تی عێراق 9 جار مووچه‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه، كه 2 تریلیۆن و 857 ملیار دینار بووه.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه له ساڵی 2019، بڕی 2 تریلیۆن و 266 ملیار دینار، ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه.
هاوكات ره‌تی كرده‌وه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی له به‌غداوه دێت به‌شی مووچه بكات، بۆیه حكوومه‌ت لای خۆیه‌وه بڕی 1 تریلیۆن 831 ملیار دیناری خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی، كه به‌غدا ره‌وانه‌ی كردووه و وه‌ك مووچه دراوه.
روونیشی كرده‌وه، كه پاره‌ی پێنج مانگ له به‌غداوه هاتووه، به‌ڵام له ساڵی 2018 سێ مانگ دواكه‌وتوون، بۆیه نه‌دراوه. له هه‌مان كاتدا مووچه له مانگی 12ی 2018ه‌وه تاكو ئێستا، به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه.
ئاشكراشی كرد، هیچ قه‌رزێك له‌و بڕه پاره‌یه نه‌دراوه‌ته‌وه، كه له به‌شی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه، به‌ڵكوو به داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ قه‌رزه‌كان دراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی له رابردوودا له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه كراون، هیچیان به‌ڵگه‌یان نه‌بووه و ته‌نها لێدوانی خودی خۆیان بووه.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی عێراق هیچ مووچەیەکی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانە نەکردووە.
ئ. م