تورکیا داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمی توركیا ره‌تكرایه‌وه‌

داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمی توركیا ره‌تكرایه‌وه‌
ریفراندۆمی ده‌ستووری توركیا، 16 نیسانی 2017، DHA

K24 – هه‌ولێر

ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی توركیا داواكارییه‌كانی له‌ باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمی ده‌ستووری توركیای ره‌تكرده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ پارته‌كانی كۆماری گه‌ل ـ جه‌هه‌په‌، پارتی هه‌رێمه‌كانی دیموكرات ـ هه‌ده‌په‌ و پارتی نیشتیمانی به‌ جیا تانه‌یان‌ له‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمدا و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ریفراندۆمه‌یان كرد.

ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "داواكاری هه‌ر سێ پارتی ئۆپۆزسیۆن كه‌ به‌ جیا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمیان كردبوو، به‌ ده‌نگی 10 ئه‌ندامی ده‌سته ره‌تكرایه‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌ندامێكیان به‌ ئه‌رێنی ده‌نگ به‌ داواكاری ئه‌وانیدا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم".

ریفراندۆمی توركیا رۆژی 16 نیسانی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو و به‌ ده‌نگی 51.41% به‌شدارانی ریفراندۆم په‌سندكرا، له‌ به‌رامبه‌ر 48.59% ده‌نگی نا.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامه‌كانی راگه‌یاندراو، فه‌رمی نین و هه‌ردوو پارتی ئۆپۆزسیۆنی جه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌ له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكان تانه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردن داوه‌ و داوای دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی 60% ده‌نگه‌كانیان كرد.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی توركیا هاتووه‌ "بڕیاری ده‌سته‌كه‌یان كۆتاییه‌ و ناڕەزایەتی ھەڵناگرێت".

یاریده‌رده‌ری سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌، بوله‌نت ته‌زجان له‌باره‌ی بڕیاری ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن رایگه‌یاند "سكاڵای خۆیان بۆ دادگای  مافی مرۆڤی ئه‌وروپا  و دادگای ده‌ستوور ده‌به‌ن".

ھەر لەمبارەوە پەرلەمانتاری ھەدەپە، میدحات سەنجار بڕیارەكەی دەستەی باڵای ھەڵبژاردنی توركیای رەتكردەوە و رایگەیاند "سكاڵای خۆیان بۆ دادگای دەستوور و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەبەن".