روونكردنەوەیەك لە كوردستان 24ـه‌وه‌

كوردستان24: ئێمە هاووڵاتیان بە شایستەی ئەوە دەزانین زانیاریی ورد و راستیان پێ بگەیەنین و هەموو شتێك لە قەبارەی خۆی بخەینە روو

K24 - هه‌ولێر:

دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌، ده‌رباره‌ی نه‌بوونی رووماڵی تایبه‌ت بۆ "رووداوه‌كانی شه‌وی رابردوو" كه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی كوردستان، وه‌ك كه‌ركووك و خانه‌قین و خورماتوو، بینه‌ر و خوێنه‌ر و بیسه‌رانی ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئێمە هاووڵاتیان بە شایستەی ئەوە دەزانین زانیاریی ورد و راستیان پێ بگەیەنین و هەموو شتێك لە قەبارەی خۆی بخەینە روو، خۆپیشاندانی گەنجان بەرامبەر بە رەفتاری نامرۆڤانەی حەشدی شەعبی، جێگەی شانازیی كوردانی سەرانسەری جیهان بووه‌ و لە هەواڵەكانماندا رووماڵی ئەم ئازایەتیەمان كرد، بەڵام لە بارەی حەشدی شەعبیەوە، لەگەڵ ئەوەی حەیدەر عەبادی بڕیاریداوە، تەنیا پۆلیسی فیدراڵی و دەزگا ئەمنیەكان لە پاریزگەی كەركووك بمێننەوە، بەڵام  ئەوەی راستییە هیشتا كەركووك و خانەقین و شنگال و زۆرێك لە ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەروەی هەرێم، لە ژێر چەپۆكی ئەو هێزە داگیركەرە دایە و هیچ پاشەكشەیەكیان لە باشووری كوردستان نەكردووە".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌...

لە چەند كاتژمێری رابردوودا زۆر لە هاووڵاتیان پرسیاری جۆری رووماڵی كوردستان24 مان لێدەكەن. لێرەدا بە بینەران و هاووڵاتیانی خۆشەویست رادەگەیەنین كە ئێمە هاووڵاتیان بە شایستەی ئەوە دەزانین زانیاریی ورد و راستیان پێ بگەیەنین و هەموو شتێك لە قەبارەی خۆی بخەینە روو.

لە بارەی دوا پێشهاتەكانی كەركووك و خانەقین، ئەوەی راستی بێت خۆپیشاندانی گەنجان بەرامبەر بە رەفتاری نامرۆڤانەی حەشدی شەعبی، جێگەی شانازیی كوردانی سەرانسەری جیهان بووه‌ و لە هەواڵەكانماندا رووماڵی ئەم ئازایەتیەمان كرد، بەڵام لە بارەی حەشدی شەعبیەوە، لەگەڵ ئەوەی حەیدەر عەبادی بڕیاریداوە، تەنیا پۆلیسی فیدراڵی و دەزگا ئەمنیەكان لە پاریزگەی كەركووك بمێننەوە، بەڵام  ئەوەی راستییە هیشتا كەركووك و خانەقین و شنگال و زۆرێك لە ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەروەی هەرێم، لە ژێر چەپۆكی ئەو هێزە داگیركەرە دایە و هیچ پاشەكشەیەكیان لە باشووری كوردستان نەكردووە. ئەوەی هەیە گوایە بڕیار دراوە لە ناو گەڕەكەكاندا نەمێنن و لە دەرەوەی شارەكان جێگیر ببن و ئێستاش دەروازەی هەموو شارەكان بە دەستی ئەم هێزە تایفیەیە. ئەم هێزە هێشتا بەردەوامە لە ئازاردانی خەڵك و زیندانی تایبەتیان لە ناو كەركووك و شارەكانی دیكەدا داناوە.

 لەم دۆخە هەستیارەدا هەموو هەوڵمان ئەوەیە، بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە و پیشەییانە، زانیاری راست و دروست و دوور لە سۆز و هەڵچوون، بە بینەرانمان بگەیەنین و لەم رەوتەش بەردەوام دەبین.