ئێکسۆن مۆبیل لە بەسرە دەکشێتەوە

گەورە کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی بەسرە بەجێدەهێڵێت

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی لە کێڵگە نەوتییەکانی شاری بەسرە دەکشێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کۆمپانیاکە بڕیاریداوە کێلگە نەوتییەکانی بەسرە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران جێبهێڵێت.

رۆیتەرز ئاشکراشیکردووە، کۆمپانیا ئەمەریکییەکە دەستی بە کشانەوەی کارمەندانی لە کێڵگەی نەوتی قوڕنە کردووە و دەیانگوازێتەوە بۆ شاری دوبەی لە ئیمارات.

گواستنەوەی کارمەندانی ئێکسۆن مۆبیل لە دوێنێ هەینیەوە دەستپێکردووە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆی بەردەوام بووە و تەنها بەشێک لە کارمەندانیش لە نووسینگەی کۆمپانیاکە لە بەسرە ماونەتەوە.

لایخۆیەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بارەی کشانەوەی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە رایگەیاند، ئەو کارەی ئێکسۆن مۆبیل کاریگەری لەسەر بەرهەمی رۆژانەی نەوتی بەسرە نابێت.

 ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئەمەریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و گروپە میلیشیاکان، داوای لە کارمەندانی کرد لە عێراق بکشێنەوە و رێوشوێنی ئەمنی تووندیشی گرتووەتە بەر.

H.J