كه‌مال كه‌ركووكی: پارتى له‌ كه‌ركووك به‌شدارى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكات

پارتى به‌ ره‌سمى رايگه‌ياند، كه‌ركووك داگيركراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

كه‌مال كه‌ركووكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركووك پاك نابێت و پارتی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك ناكات.

بڕياره‌ له‌ مانگى ئايارى ئه‌مساڵ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان و ئه‌نجوومه‌نى قه‌زاكان له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ كه‌ركووك/ گه‌رميان له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ كه‌ركووك به‌شدارى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكات و كه‌ركووك وه‌ك شارێكى داگيركراو له‌ قه‌ڵه‌مده‌دات.

له‌و باره‌يه‌وه‌، كه‌مال كه‌ركووكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان گوتى: به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووكی داگیركراو مه‌ترسیدار ده‌بێت.

به‌ هۆى خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منيه‌كانى عێراق به‌ ياوه‌رى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى و خیانه‌تكاران توانيان كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى سنوورى مادده‌ى 140 داگير بكه‌نه‌وه‌.

پارتى ديموكراتى كوردستان يه‌كه‌م لايه‌نى سياسييه‌ به‌ ره‌سمى رايگه‌ياندووه‌، وه‌ك ناوچه‌ى داگيركراو ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و ناوچه‌ كوردستانييانه‌ى به‌ هۆى خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ راده‌ستى ميليشيا عێراقييه‌كان كراوون. 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/88513f4b-64fd-41b2-82eb-2d4bbfd43af9/011518DND.ism/manifest