عەزیز شارۆخ ده‌ست به‌كاری هونه‌ری ده‌كاته‌وه‌

دوای چەند ساڵێك دووركەوتنەوە یەكەم كۆنسێرت لە كوردستان ئەنجامدەدات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

عەزیز شارۆخ، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوداری رۆژهەڵاتی کورستان، پاش ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە چەند ساڵێك لە چالاکیی هونەری دوور کەوتەوە، بە بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێك گەڕایەوە ناو دنیای هونەر و ئاوازی کوردی. عەزیز شارۆخ لە لێدوانێکدا رایگەیاند دەیەوێ لە رێگای ئەم کۆنسێرتەوە لەو خەمۆکی و بێ هیوایییەی تووشی بووە دوور كەوێتەوە. 

پاش چەندین ساڵ بێدەنگی و دوور بوون لە چالاکیی هونەری، عەزیز شارۆخ میوانی سەردەشتی بەیت و حەیران بوو. شارۆخ کە یەکێك لە دەنگە دیار و رەسەنەکانی بواری موزیك و گۆرانی کوردییە، لە باوکێکی خەڵکی پشدەری باشووری کوردستان و دایکێکی خەڵکی شەمزینان لە باکووری کورستان لە شاری مهاباد لە دایکبووە.

شارۆخ لە ماوەی تەمەنی هونەری خۆیدا زیاتر لە 70 گۆران و سترانی تۆمار کردووە و لە چەندین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کودستان و هەروەها باشوری کوردستان و حەوت وڵاتی دیکەش کۆنسێرتی بەڕێوە بردووە. بەڵام چەند ساڵێك بوو بەهۆی تووش بوون بە نەخۆشیی دڵەوە دوورە پەرێزبوو، چالاکییەکی هونەرییەكانی وەستاندبوو.

لە یەكەم كۆنسێرتی دوای نەخۆشكەوتنی عزیز شارۆخ لە شاری سەردەشت گوتی: "لەبەر ئەوەی ماوەیەك كۆنسێرت و گۆرانیم نەبووە، پێم خۆش بوو چالاكییەكم ھەبێت، بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە دەرونیە خراپە دووركەومەوە".

شارۆخ جیا لە گۆرانی و ئاواز، لەبواری لاوك و حەیران و بەیت و مەقامە کوردییەکان دا دەستێکی باڵای هەیە و مەقامەکانی ئەڵلا وەیسی، شیرین بەهارە و هیوای ژیان و بەیتگەلی وەك ئازیزە و پاییزە و لاوکی گەنج خەلیلی بە شێوەیەکی ناوزە چڕیووە و خۆشی بەیتی پیرە هەڵۆی داناوە، کە لەگەڵ شمشاڵی قالە مەڕەدا تۆمار کراوە.

بە گوتەی عەزیز شارۆخ هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان و لەوانەش سەید عەلی ئەسغەر، کاوەیس ئاغا، حەسەن جەززراوی، تاهیر تۆفیق و ساڵح دیلان و محەمەدی ماملێ ئاسۆیەکی نوێیان لە بواری مۆسیقادا بۆ کردووەتەوە. ئەو هەر بە گۆرانی و ستران نەوەستاوە و لە توێی کتێبێکدا کە لە باشووری کوردستان جاپی کردووە دەقی دەیان بەیتی فۆلکلۆریی کوردی کۆکردووەتەوە و لە فەوتان رزگاری کردوون و کتێبێکێش بە ناوی ژیان و گۆرانی بڵاو کردووەتەوە.

ھ.م