تارمايى گه‌ڕانه‌وه‌ى داعش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ره‌وشى ئه‌منى عێراق ده‌كات

دواى ساڵێك له‌ كۆتايهێنان به‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كانى له‌ناو نه‌چوونه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ساڵێک بەسەر راگەیاندنی کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق تێدەپەڕێت و بەشێکی زۆر لە سەرکردە سیاسییەکانیش هۆشداری لە گەڕانەوەی داعش دەدەن، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی نێوان سنووری عێراق و سووریا.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی سەر بە حەشدی شەعبی سەبارەت بە پێویستی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکان و پارێزگاریکردنیان لە هێرشەکانی داعش، لە چەند رۆژی رابردوودا، بە ئاشکرا رایگەیاندبوو، بەشێک لەو ناوچانە پێویستە هێزی پێشمەرگەی تێيدا جێگیر بکرێت. 

هه‌روه‌ها هەریەک لە ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە و موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لەماوەی رابردوودا، هۆشداریان لە خراپەی هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتدارانی عێراق بەرامبەر بە دانیشتوانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان دابوو، ئەمەشیان بە هۆکارێک  بۆ گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانه‌ له‌قه‌ڵه‌مدابوو.