رۆژئاوای کوردستان رێدور خه‌ليل: ئه‌مساڵ ژماره‌ى شه‌ڕڤانه‌كان ده‌گه‌يه‌نينه‌ 100 هه‌زار شه‌ڕڤان

رێدور خه‌ليل: ئه‌مساڵ ژماره‌ى شه‌ڕڤانه‌كان ده‌گه‌يه‌نينه‌ 100 هه‌زار شه‌ڕڤان
گوته‌بێژى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) رێدور خه‌ليل

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) رێدور خه‌ليل ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ى مارس/ ئازارى 2017، رايگه‌ياند، ده‌يانه‌وێت ئه‌مساڵ ژماره‌ى شه‌ڕڤانه‌كانيان بگه‌يه‌ننه‌ 100 هه‌زار چه‌كدار.

رۆيته‌رز له‌ زارى رێدور خه‌ليله‌وه‌ بڵاويكرده‌وه‌، يه‌په‌گه‌ ده‌يه‌وێت ئه‌مساڵ ژماره‌ى شه‌ڕڤانه‌كانى بگه‌يه‌نێته‌ 100 هه‌زار شه‌ڕڤان.

له‌ كۆتايى ساڵى رابردوودا ژماره‌ى هێزى يه‌كينه‌كان گه‌يشتبووه‌ 60 هه‌زار شه‌ڕڤان و له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵيشدا 10 فه‌سيڵى ديكه‌ پێكهێنراوون كه‌ هه‌ر فه‌سيڵێكى 300 شه‌ڕڤان له‌خۆ ده‌گرێت.

له‌ مارس/ ئازارى ساڵى رابردوودا ناوچه‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له‌ باكوورى سووريا راگه‌يه‌ندرا و رژێمى سووريا ئيدانه‌ى ئه‌و بڕياره‌ى په‌يه‌ده‌ و يه‌په‌گه‌ى كرد.

يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌)، باڵێكى سه‌ربازى ديكه‌ى له‌ ژێر ناوى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات درووستكردووه‌ و له‌ لايه‌ن هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش به‌ سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مريكا پشتيوانيان لێده‌كرێت و له‌ ئێستادا ئه‌وان پرۆسه‌ى سه‌ربازى رزگاركردنى ره‌ققه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

زيادكردنى ژماره‌ى شه‌ڕڤانه‌كان بۆ 100 هه‌زار له‌ كاتێكدايه‌، يه‌په‌گه‌ رێگه‌ نادات، هێزى پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا كه‌ له‌ لايه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆژئاواى كوردستان.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، رودى عوسمان به‌رپرسى نوێنه‌رايه‌تى كوردى سووريا له‌ رووسيا رايگه‌ياند، ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى له‌ باكوورى سووريا ئه‌نجام بده‌ن.

رودى عوسمان له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى سپۆتينك رايگه‌ياند، به‌رده‌وام ده‌بيت له‌ پێشخستنى سيستمى ديموكراتى له‌ باكوورى سووريا و ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌ده‌ين و دواى ئه‌وه‌ش كار بۆ راگه‌ياندنى هه‌رێمێكى خۆبه‌ڕێوبه‌رى ده‌كه‌ين.

گوتيشى: ئێستا ئاماده‌كارى بۆ درووستكردنى ليستى ده‌نگده‌ران ده‌كرێت و پرسى ژماره‌ى نوێنه‌ران له‌ په‌رله‌مان و كێشانى هێڵى سنوور له‌ قۆناغى ديكه‌دا تاوتوێده‌كرێت.

رۆيته‌رز نووسيويه‌تى: هێزى يه‌په‌گه‌ و پارتى يه‌كێتى ديموكراتى كوردى (په‌يه‌ده‌)، نه‌ك ته‌نيا له‌ توركياوه‌ به‌ڵكو له‌ لايه‌ن هه‌رێمى كوردستانى عێراقيشه‌وه‌ كه‌ دراوسێيه‌تى رووبه‌ڕووى ره‌تكردنه‌وه‌ بووه‌ته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى دوژمنايه‌تى مێژووييان په‌يوه‌ندييه‌كانى په‌يه‌ده‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سووريا هێورترن به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ توركيا و هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌نقه‌ره‌ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل به‌ درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌ناسێت، كه‌ زياتر له‌ سێ ده‌يه‌يه‌ چه‌كى دژى توركيا هه‌ڵگرتووه‌ و بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆى.

سوپاى توركيا له‌ ساڵى رابردوودا به‌ ئامانجى رێگه‌ گرتن له‌ فراوانبوونى ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌ باكوورى سووريا كه‌ كورده‌كان خۆيان پێى ده‌ڵێن رۆج ئاڤا بگرێت.

باكوورى سووريا نزيكه‌ى دوو مليۆن كوردى لێ ده‌ژين و ئه‌وان خاوه‌نى هێزێكى سه‌ربازى رێكوپێك و پێكه‌وه‌ گونجاو و راهێنراوون به‌ باشى له‌سه‌ر شێوازه‌ جياجياكان شه‌ڕ، وه‌ك ئه‌وه‌ى رۆيته‌رز له‌ به‌ياننامه‌يه‌كى يه‌په‌گه‌ى گواستووه‌ته‌وه‌.

رێدور خه‌ليل ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، هه‌ر چه‌كدارێكى نوێ مانگانه‌ مووچه‌ى 200 دۆلار وه‌رده‌گرێت كه‌ 20 دۆلارى زياتره‌ له‌ به‌رزترين مووچه‌ى شه‌ڕڤانه‌كانى يه‌په‌گه‌.

11-SideBarNewsReader