"ئیزرائیلی ژنان" له ته‌له‌عفه‌ره
K24 - هه‌ولێر:
رۆژ له دوای رۆژ، ره‌فتاره درندانه و كرده‌وه خوێناوییه‌كانی داعش به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناوچه داگیركراوه‌كانی ژیر ده‌سه‌ڵاتیان ئاشكرا ده‌بێت و توندڕه‌وی خۆیان زیاتر به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن و خه‌ڵكیان وا راهێناوه كه كوشتن و خوێنریژی "شه‌راب خواردنه‌وه‌یه".
دایكی ساڵح یان "ئیزرائیلی ژنان" دوو نازناوی یه‌ك كه‌سن له ناو لیستێكی گه‌وره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی ترس و تۆقاندن له ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له ساڵی 2014 وه تا ئێستا.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له پاریزگای نه‌ینه‌وا زانیاری ده‌رباره‌ی "ئیزرائیلی ژنان" ئاشكرا كردووه‌و ده‌ڵێت "ئه‌و ژنه له شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری رۆژئاوای مووسڵ، كاری بۆ داعش كردووه‌و و نازناوی "ئیزائیلی ژنان" یان لێناوه، چونكه خاوه‌ن كاریگه‌رییه‌كی زۆر بووه له ناو ریكخراوه‌كه‌داو سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵێك ژنی كردووه بۆ ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی تایبه‌ت، كه سه‌ره‌كیترینیان كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی بووه".
سه‌رچاوه‌كه به میدیاكانی عیراقیی گوتووه "له قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ژنێك ده‌ركه‌وتووه كه له ته‌مه‌نی 30 ساڵاندایه و چه‌ندین نازناویان لێناوه وه‌ك "دایكی ساڵح" یان "ئیزرائیلی ژنان" و به‌رده‌وام چه‌كی له شاندایه و له باره‌گاكانی داعش و "پۆلیسی الحسبة" و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌بینرێت".
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه رایگه‌یاندووه كه "ئیزرائیلی ژنان، كه‌سێكی به‌هێزی داعشه و سه‌رپه‌رشتی درووستكردنی خواردنی چه‌كدارانی داعش ده‌كات و پاسه‌وانی ده‌گرێت و زانیاریی كۆده‌كاته‌وه‌و بۆ ئه‌و ئه‌ركانه‌ش كۆمه‌ڵێك ئافره‌تی له ژێر ده‌ستدایه".
سه‌رچاوه‌كه گوتوویه‌تی "دایكی ساڵح خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر نییه، به‌ڵكو پاش ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2015 هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌هۆی بۆردوومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه كوژراوه، هاتووه‌ته قه‌زاكه و پاشان بووه‌ته دڕه‌نده‌یه‌ك و به‌رپرسی كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی بێ تاوانه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی ترس و تۆقاندن، به‌و هۆیه‌شه‌وه نازناوی "ئیزرائیلی ژنانی"ـی به‌سه‌ردا بڕاوه".
دایكی ساڵح پێش ئه‌وه‌ی ببێته توندڕه‌وێكی دیار، له گوندێكی بچووكی نزیكی مووسڵ، مانگا و مه‌ڕ و ماڵاتی به‌خێو ده‌كرد، به‌ڵام داعش پشتی پێبه‌ستووه‌و كردوویه‌تییه سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و ژنانه‌ی هیچ شتێكی ئه‌و تۆیان له‌باره‌ی ئایینه‌وه نه‌زانیووه‌و به‌و رێگه‌یه كردوونی به توندڕه‌وێكی گوێ له مستی رێكخراوه‌كه و ئیزرائیلی ژنانیش بووه‌ته ناودارترین ژنی ته‌له‌عفه‌ر.
داعش ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كداری ئافره‌تی خزاندبووه ریزه‌كانییه‌وه و بۆ كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ژنانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌كاری ده‌ھێنان و چه‌ندین ده‌سته و گرووپی چه‌كداری ژنانیشی درووستكردبوو.