ئەمساڵ ژمارەی قوربانیانی مین زیادیكردووە

"نزیكەی 170 ناوچە لە دەڤەری باڵەكایەتی مینڕێژكراون"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی ئاماری دەزگای گشتی كاروباری مین، ئەمساڵ ژمارەی قوربانیانی مین لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیادیكردووە.

جەمال جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای كاروباری مین/ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی قوربانی مین زیادیكردووە، لە ئەمساڵدا 13 كەس بەھۆی مین بوونەتە قوربانی 7 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و شەشی دیكەشیان بریندار و كەمئەندام بوونە، ئەمە لە كاتێكدایە ساڵی 10 كەس بەھۆی مین و تەقەمەنییەوە بوونە قوربانی".

گوتیشی: "لە ماوەی ساڵێكدا نزیكەی 300 ھەزار مەتر دووجا زەوی لەسنووری ھەولێر لە مین و پارچە تەقەمەنیە نەتەقاوەكان پاككراوەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "گەورەترین توانستی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان لە سنووری باڵەكایەتییە، كە پێكھاتوون لە سێ تیمی لابردنی مین بە دەست و دوو تیمی دیكەی ھونەری، بەڵام ئەو ناوچەیە مینی زۆری لێیە و تائێستا نەتوانراوە ھەموو ناوچەكە پاك بكرێتەوە".

جەمال جەلال، روونیكردەوە: "بەپێی داتاكان نزیكەی 170 ناوچەی باڵەكایەتی مینڕێژكراوە، دەتوانین بڵێین ئەو ژمارەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان زیاترە لە ھەموو ناوچەكانی دیكە".

ھ،م