قەیرانی سووریا بازاڕی زێڕینگرانی لاواز کردووە

بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

زێڕینگران لە دیمەشقی پایتەختی سووری دەڵێن: بەهۆی وەستانی کاری دەستی بەشێک لە زێڕینگران، نرخی زێڕی بەکارهاتوو دەستی دوو بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

رۆژنامەی وەتەنی سووری رایگەیاندووە، کاری ئێستای زێڕینگران پاککردنەوەی زێڕی بەکار هاتووی هاووڵاتییانە، جارێکی دیکە لە جامخانەی دووکانەکانیان هەڵیدەواسنەوە بۆ فرۆشتن.

غەسان جزماتی، سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕینگران و بەرهەمهێنەرانی خشڵ رایگەیاندووە، بازاڕ لە دۆخێکی سڕبوونی کڕین و فرۆشتن دایە، ئەوەش به‌هۆی ئەوەی دۆخێکی چاوەڕوانی باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە، خەڵک لە چاوەڕوانی جێگیرکردنی نرخن بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆیان بێ زیان ئەنجام بدەن.

جزماتی گوتیشی: زۆربەی وەرشەکانی کاری دەستی زێڕ لە دیمەشق لە کارەکانیان وەستان، بەڵام دەتوانین بیڵێین کە کارەکان بە شێوەی سەدا سەد کۆتایی پێنەهاتووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو دۆخەی سڕبوونە بەسەر بازاڕەکان، نەبوونی خواستە لەسەر زێڕ لە دوکانەکانی زێڕینگراندا.

هاوکات سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕینگران و بەرهەمهێنەرانی خشڵ گوتی: سەرجەم زێڕینگران و دوکانەکانی فرۆشتنی زێڕ پابەندن بە نرخی دیاریکراو کە لە لایەن کۆمەڵەکەیانەوە دەردەکرێت، بۆ سەرجەم زێڕینگران گشتاندنی بۆ دەکرێت، گوێ بە نرخی هەندێک لە پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نادەن، کە نرخی زێڕ نا فەرمی بڵاو دەکەنەوە و مەبەستیان یاری بە نرخ بکەن و زیان لە بازاڕ بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی مێژووی خۆی بەرزبووەوە کە 46 هەزار لیرەی سووری بوو بۆ هەر گرامێک، بەڵام دوای سەپاندنی بەربەستی توند لەسەر بازاڕی دراوەکان لە رێگەی مەرسوومی فەرمییەوە، نرخەکەی نۆ هەزار لیرەی سووری دابەزی، نرخی هەر گرامێکی زێڕی عەیار 21 لە ژێر رۆشنایی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی بۆ 41 هەزار لیرە سووری دابەزی.