لە پارێزگای سلێمانی نرخی بەنزین دادەبەزێت

"پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت"

K24 - سلێمانی

بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگاری سلێمانی لە ئەمڕۆوە نرخی بەنزین لە سنووری پارێزگای سلێمانی دادەبەزێت.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "دوای هەوڵەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ پاڵاوگەو بازرگان و وێستگەکانی سووتەمەنی پارێزگای سلێمانیدا، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لەرێی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانیەوە بەردەوام دەبێت و نرخی بەنزینیش لە رۆژی شەممە 17/11/2018 بەپێی قۆناخبەندیی دادەبەزێنرێت".

پارێزگاری سلێمانی ئەو راگەیەندراوەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردووەتەوە و بەپێی ئەو راگەیەندراوە لە ئەمڕۆوە بڕیارەكە دەچێتە قۆناخی جێبەجێكردنەوە.

ھ.م