دوای ئێران ترەمپ لە رێککەوتنامەی ئەتۆمیی رووسیا دەکشێتەوە

هۆشداری دەداتە چین و رووسیا

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوێنێ شەممە رایگەیاند، ئەمەریکا لە رێککەوتنی دووری- مامناوەندی هێزە ئەتۆمییەکان (ئای ئێن ئێف) کە لە سەردەمی جەنگی سارد راگەیەندرا دەکشێتەوە، لەکاتیکدا ئامانج  لەو رێککەوتنە سنووردارکردنی بەکارهێنانی هەندێک جۆری مووشەکی ئەتۆمی بوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی لە ویلایەتی نێڤادا رایگەیاندووە: "رووسیا، بەداخەوە، رێزی لە رێککەوتنامەکە نەگرتووە، بۆیە ئێمە کۆتای پێدەهێنین و دێینە دەرەوە".

واشنتن بڕوای وایە، مۆسکۆ سیستەمێکی مووشەکی زەمینی جێگیرکردووە کە هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت بە چەکی ئەتۆمی  و لەماوەیەک کەمدا هێرشبکاتە سەر ئەوروپا، بەڵام رووسیا ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە.

ترەمپ هۆشداری داوەتە رووسیا و چین، ئەگەربێت و دەست لە گەشەدان بە چەکەکانیان هەڵنەگرن، ئەوا ئەمەریکاش ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکاتەوە.

لە ساڵی 1987، ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤییەتی جاران رێککەوتنێکیان بۆ لادانی مووشەکە دووری- مامناوەندەکان واژۆکرد، بەڵام ئێستا ترەمپ پێیوایە، مۆسکۆ ئەو جۆرە مووشەکەی دژی ئەوروپا لە سنوورەکانی جێگیرکردووە و دەیەوێت پەیماننامەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

H.J