عه‌بادی گومان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق دووپاتیكرده‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی به‌رپرسیارێتی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات راده‌ستی حكوومه‌تی داهاتوو ده‌كه‌ن، ستافی حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌وه كار ده‌كات.
له گوتاری هه‌فتانه‌یدا، عه‌بادی گوتی: "حكوومه‌ته‌كه‌یان به هه‌موو توانایه‌ك و به ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌وه كار ده‌كات، تا ئه‌و كاته‌ی حكوومه‌تی نوێ پێكدێت و ده‌سه‌ڵاتی راده‌ست ده‌كه‌ن"، داواشی له كوتله سیاسییه‌كان كرد، "به‌گوێره‌ی كاتی ده‌ستووری په‌له له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوی بكه‌ن".
هه‌روه‌ها عه‌بادی داواشی له به‌رپرسان كرد، له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان سازش نه‌كه‌ن.
له گوتاره‌كه‌یدا عه‌بادی جه‌ختی كرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بودجه‌ی ساڵی 2019 خراوه‌ته به‌ر گفتوگۆ.
عه‌بادی له گوتاره‌كه‌یدا گومانیشی له هه‌ڵبژاردنی محه‌مه‌د حه‌لبووسی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران كرد و گوتی: "داوا له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌م، به‌دواداچوون بۆ تۆماركردنی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه بكه‌ن، كه له‌كاتی هه‌لبژاردنی محه‌مه‌د حه‌لبووسی وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه له په‌ڕاوه‌كانی ده‌نگدان گیراون".
H.B