ناكۆكییهكانی نێوان یهكێتی و گۆڕان فراوانتر دهبن
K24 - سلێمانی
پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لە دۆخێكی چەق بهستوودا ماوهتهوه، دووری نێوانیان بهجۆرێك درێژ بووەتەوە، كە ئهستهمه وا به ئاسانی له یهك نزیكبوونهوهیهك له نێوانیاندا رووبدات، پەرلەمانتارێکی بزووتنهوهی گۆڕانیش پێیوایه ھیچ رێگایەك گۆڕان و یەکێتی و پارتی کۆناکاتەوە.
رووداوەکانی شەوی 12/5/2018 دەسپێکی قۆناخێکی دروست بوونی گرژی و ئاڵۆزی بوو لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ھاوکات رەخنەکانی گۆڕان لە دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و تۆمەتبارکردنی یەکێتی بە ساختهكاری و بردنی دەنگەکانیان بە تایبەت لە سنووری سلێمانی، ھێندەی دیكە كێشەی خسته نێوان ئهو دوو حزبه، به گوتهی پەرلەمانتارێکی گۆڕان هێشتا بزووتنەوەکەیان ھەڵوێستی نەگۆڕاوەو ھیچ شتێکیش گۆڕان و یەکێتی و پارتی کۆناکاتەوە، دهشڵێت "گۆڕان ناچێتە نێو ھیچ رێکكەوتنێك کە یەکێتی و پارتی لە کوردستان بێت یان لە عێراق".
بێستوون فایەق، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە دوای ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، كە بەداخەوە یەكێتی زوڵمێكی گەورەی لە خەڵكی سلێمانی و دەنگدەرەكانی گۆڕان كرد لەو سنوورە و بێگومان پارتیش لە سنووری ئەودیو، بە مەش پەیوەندییەكانی گۆڕان بە پلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتی و دواتر لەگەڵ پارتی زۆر خراپبووە، ئێستا ھیچ پەیوەندی و نزیكایەتیمان لەگەڵ ئەوان نەماوە، یەكتربینینی فەرمیی و نافەرمی لەنێوانماندا نییە".
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە گرنگی دەزانێت پەیوەندی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکان ئاسایی ببێتهوه، لە نێویشیاندا یەکێتی و گۆڕان، به بڕوای یهكێتی ھۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانیش بەشێکی بۆ دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنهرانی عێراق دهگهڕێتهوه، کە بەشێك لە ھێزەکان دان بەشکستی خۆیاندا نانێن.
لەوبارەوە دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان لە سەرەوە خراپ نەبووە، ھەمووكات پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان لە خوارەوە خراپبووە. لە سەرەوە ھەموو سەركردەكان ھاوڕێ و دۆستی دێرینن، ئەو پەیوەندییە لەبەرچاو دەگرن، بەڵام ئەوە شۆڕنەبووەتەوە بۆ خوارەوە، زمانی زبر و توندڕەوییەكە زیاتر لە جەماوەری حزبەكانە نەك سەركردەكان".
ھەرچەندە یەکێتی و گۆڕان لە 17/5/2016، رێكکەوتنی سیاسیان واژووکرد بۆ بههێزكردنی پێگهی خۆیان لهسهر ئاستی ههرێمی كوردستان و عێراقیش، ئەو کات باس لەوە شدەکرا کە رەنگە ئەو دوولایەنە تائاستی یەکگرتنەوە بڕۆن، بەڵام نەک یەکیان نەگرتەوە، بەڵکو پێچهوانهی ههموو بۆچوون و گهشبینییهكان ئێستا ئەوەندە لەیەك دوورن كه تروسكاییهك ھیوا بۆ ئاسایی بوونهوهی نێوانیان بهدی ناكرێت.
ھ.م