حكومهتی ههرێم دانی نا به بڕوانامهی دهرچوانی زانكۆكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان
K24 – ههولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگهیاند، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، پێشنیازێکى وەزارەتى خوێندنى باڵای سەبارەت بە زانکۆکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان پەسەند كرد.
وتهبێژی وهزارهتهكه، عەباس ئەکرەم رایگەیاند، دواى نووسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ژمارە (7664) لە ڕێکەوتى (10/9/2020) تایبەت بە دانپێدانان و چارەسەرکردنى پرسى زانکۆکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان کە تێیدا وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشنیازى کردبوو بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، ئەو خوێندکار و قوتابیانەى تاکو ساڵى خوێندنى (2014 - 2015) لەم زانکۆیانە وەرگیراون دان بە بڕوانامەکانیان بنرێت و ڕاستاندنیان بۆ بکرێت، سەرەنجام ئەمڕۆ سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بە نوسراوى ژمارە (5378) پێشنیازەکەى وەزارەتەکەمانى پەسەندکرد.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند، لەخاڵى دووەمى نوسراوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران پێشنیازێکى دیکەى وەزارەتەکەمان پەسەندکراوە بۆ ئەوانەى لە دواى ساڵى (2014 - 2015) وەرگیراون، بۆ ئەمەش وەزارەتەکەمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق دیراسەى ئەم بابەتە دەکات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو.
عەباس ئەکرەم گوتیشى: دڵنیایى دەدەین بە وەرگیراوانى دواى ساڵى (2014 - 2015) کە وەزارتەکەمان هەوڵ دەدات لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق دەست بکات بە گفتوگۆ بۆ ئەوەى چارەسەرى گونجاو بۆ وەرگیراوانى تر بدۆزێتەوە.