داعش ھێرشی كردە سەر شارۆچكەی حەدیسە
K24 - ھەولێر
چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر شارۆچكەی حەدیسەی سەر بە پارێزگای ئەنباری عێراق و لە ھێرشەكەدا 4 چەكداری داعش كوژران و 5 ی دیكەش برینداربوون.
بە گوێرەی زانیارییەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش ھێرشیان كردووەتە سەر گەڕەكی عەسكەری لە شارۆچكەی حەدیسەی ئەنبار، لە رووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ ھێزە عێراقییەكان 4 چەكداری داعش كوژران و 5 دیكەش برینداربوون.
سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەو ھێرشەی داعش بۆسەر حەدیسە خۆكوژی بووە و یەكێك لە چەكدارەكان خۆی تەقاندووەتەوە و سێی دیكەش كوژراون.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، بەھۆی ھێرشەكەی داعش دوو پۆلیسی عێراق كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوونە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگاكانی مووسڵ و كەركووك چەند ھێرشێكیان كردووەتە سەر ھێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و ژمارەیەك چەكداری حەشد و سەربازی سوپای عێراقیان كوشتووە.
رۆژی 31/3/2018 سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی لە زنجیرە چیاکانی ناوچەی غەرە و قوڕچای لە نێوان کفری و خورماتوو هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش، كە لە دوای كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە بۆشایی ئەمنی دروستبووە و چەكدارانی داعش ھاتوونەتەوە ناوچەكە.
ھ.م