ئه‌نقه‌ره‌: ئازادكردنى ساڵح موسليم پشتيوانيكردنى تيرۆره‌

ئه‌و بڕياره‌ى دادگا بووه‌ته‌ جێى تووڕه‌يى توركيا

K24 – هه‌ولێر:

دادگاى چيك، ساڵح موسليم، هاوسه‌رۆكى پێشووى پارتى يه‌كێتى ديموكراتى به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كرد. ئه‌و بڕياره‌ى دادگا بووه‌ته‌ جێى تووڕه‌يى توركيا.

جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وته‌بێژى حكومه‌تى توركيا، به‌كر بۆزداغ، رايگه‌ياند، بڕياره‌كه‌ى دادگاى چيك، "پشتيوانيكردنێكى ئاشكراى تيرۆره‌".

بۆزداغ له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ريكردووه‌، رايشگه‌ياندووه‌، "ئازادكردنى ساڵح موسليم، پرسێكى سياسييه‌ و پێچه‌وانه‌ى ياساى نێوده‌وڵه‌تييه‌".

ناوبراو هۆشداريشى دا له‌ لێكه‌وته‌كانى ئه‌و بڕياره‌ له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى نوێان توركيا و چيك.

هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌و بڕياره‌ نموونه‌يه‌كى نوێيه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنى مه‌وداى دووڕوويى و راستگۆ نه‌بوونى ئه‌وروپا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر".

به‌كر بۆزداغ، باسى له‌وه‌شكرد، "پارتى يه‌كێتى ديموكراتى، كه‌ لقى پارتى كرێكارانى كوردستانه‌، له‌ لايه‌ن يه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ به‌ رێكخراوێكى تيرۆريستى هه‌ژمار كراوه‌، چيكيش ئه‌ندامى ئه‌و يه‌كێتيه‌يه‌".

بۆزداغ پرسياريشى كرد، "ئايا  ئه‌گه‌ر قوربانييه‌كانى تيرۆر، هاووڵاتى موسڵمان يان تورك بن، بكوژه‌كانيان به‌ تيرۆريست هه‌ژمار ناكرێن؟ مه‌رجه‌ رێكخراوێك ئه‌و كاته‌ ببێته‌ تيرۆريستى كه‌ هاووڵاتى يه‌كێتى ئه‌وروپا و ئه‌مريكا بكاته‌ ئامانج".

ئه‌مڕۆ، دادگايه‌كى چيك له‌ پراگى پايته‌خت، بڕياريدا ساڵح موسليم ئازاد بكات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى توركيا له‌ زارى به‌رپرسانى باڵايه‌وه‌ داواى ده‌كرد، ناوبراو راده‌ستى توركيا بكرێته‌وه‌.

ئێواره‌ى شه‌ممه‌ى رابردوو، له‌ پراگ، پۆليسى ئينته‌رپوڵ ساڵح موسليميان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد، له‌سه‌ر بنه‌ماى داواكارى توركيا.

ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا له‌ نۆڤێمبه‌رى 2016دا، فه‌رمانى ده‌ستگيركردنيان بۆ ساڵح موسليم و 47 گه‌وره‌ به‌رپرسى ديكه‌ى په‌يه‌ده‌ ده‌ركردبوو.

توركيا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات، پارتى يه‌كێتى ديموكرات، كه‌ ناوه‌ندى سه‌ره‌كى هه‌ژموونى باكوورى سووريا (رۆژئاواى كوردستانه‌)، درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانه‌ و به‌ "رێكخراوێكى تيرۆريستى" وه‌سفيان ده‌كات.

هاوكات توركيا بڕى 4 مليۆن ليره‌، كه‌ زياتر له‌ مليۆنێك دۆلار ده‌كات، ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى ساڵح موسليم ده‌ستگير ده‌كات و راده‌ستى توركياى ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم، ئه‌نادۆڵ

ئ.ر