دوایین گوته‌كانی خاشوقچی به‌ر له كوژرانی ئاشكرا ده‌كرێن
K24 - هه‌ولێر:
نه‌زیف كرمان، سه‌رۆكی به‌شی به دواداچوونه‌كان له رۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی توركی، ئاشكرای ده‌كات، به گوێره‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كان كه له‌ده‌ست ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی توركیایه، روونده‌بێته‌وه، خاشوقچی خنكێنراوه و كیسێكیان خستووه‌ته سه‌ری و هه‌ناسه‌یان لێبڕیوه.
وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌وانه توركه ئاشكرای ده‌كات، دوایین گوته‌كانی خاشوقچی به‌ر له‌وه‌ی گیان له‌ده‌ست بدات، ده‌ڵێت: "من ده‌خنكێم، ئه‌و كیسه له‌سه‌رم لابده‌ن، من فۆبیام هه‌یه"، ئه‌و قسانه‌ش دوایین گوته‌كانی خاشوقچییه كه به بكوژانی ده‌ڵێت.
نه‌زیف كرمان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و تیمه سعوودیه له ناو كۆنسوڵخانه ته‌رمی خاشوقچیان پارچه پارچه كردووه، كیسی نایلۆنیشیان راخستووه بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له چوونه ده‌ره‌وه‌ی خوێنی خاشوقچی بكه‌ن.
روونیشی ده‌كاته‌وه، پرۆسه‌ی له‌توپه‌تكردنی جه‌سته‌ی خاشوقچی، له‌لایه‌ن پزیشكێكی پسپۆڕی توێكاری سعوودی بووه به‌ناوی "سه‌ڵاح ته‌بیقی" و ماوه‌ی 15 خووله‌كی خایاندووه، دواتريش پارچه‌كانی جه‌سته‌ی ئه‌و رۆژنامه‌وانه، له رێگه‌ی 5 جانتای گه‌وره‌وه به ئۆتۆمبێلێكی تایبه‌تی كۆنسوڵخانه‌ی سعوودیه گوازراوه‌ته‌وه.
جه‌مال خاشوقچی، رۆژنامه‌وانی نه‌یاری سعوودیه و ره‌خنه‌گری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته، به‌تایبه‌تیش له دوای هاتنه ده‌سه‌ڵاتی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازادی جێ‌نشین، رۆژی 2ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو, سه‌ردانی كۆنسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد له ئیستانبول، به‌ڵام داوتر هه‌واڵی كوژرانی بڵاوبووه‌وه.
دواتریش حكوومه‌تی ریاز دانی به كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌وانه دانا و به تۆمه‌تی كوژرانیشی، 18 كه‌س ده‌ستگیركراون.
سه‌رچاوه: شه‌فه‌ق نیوز
ئ. م