90%ی داموده‌زگا حكومیه‌كانی عێراق به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێن

دامەزراندنی پلەی وەزیفی لە عێراق لە دوای ساڵی 2013 بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و ئێستا 5000 هەزار پلەی وەزیفی تایبەت لە عێراق هەن

K24- هه‌ولێر:

لە جیهاندا هەندێک جار وڵاتان رووبەڕووی پێکهێنانی حکومەتی کار بەڕێکەر دەبنەوە، بەڵام دەگمەنە لە هیچ وڵاتێکدا ئیدارەدانی زۆربەی پۆستەکانی حکومەت بەشێوەی وەکالەت بەڕێوەببردرێن، شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و حکومڕانیکردن لە عێراق سەرجەم پێوەرەکانی تێپەڕاندووە، بەشێوەیەک زیاتر لە 90% ی پۆستە ئیدارییەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبردێن.

ساڵی 2015 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی پاککردنەوەی دامودەزگاکانی حکومەت لە گەندەڵی هەڵمەتێکی چاکسازیی دەستپێکرد، بەڵام هەڵمەتەکەی عەبادی بووە دەرچەیەک بۆ زیادبوونی رێژەی گەندەڵییەکان، چونکە ئامانجی حکومەت تەنیا پەراوێزخستنی کورد و سوننە بوو، نەوەک ئەنجامدانی چاکسازیی.

دامەزراندنی پلەی وەزیفی لە عێراق لە دوای ساڵی 2013 بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک ئێستا 5000  هەزار پلەی وەزیفی تایبەت لە عێراق هەن و90% دامودەزگاکانی حکومەت بە وەکالەت بەڕێوەدەبردرێن، هەروەها 715 پلەی بریکاری وەزارەت و 450 پلەی دیکە وەکو بەڕێوەبەری گشتی دامەزرێندراون.

دوای دەستپێکردنی پرۆسەی پەراوێزخستنی کورد و سوننە لەلایەن دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2014, 200 پۆستی حکومی بە وەکالەت بەرێوەدەبردێن، لە ساڵی  2015 - 2016 بەڕێوەبردنی پۆستەکان بەوەکالەت زیادیکرد و 50 پۆستی دیکەش بەوەکالەت بەڕێوەبردران.

جگە لە هەندێک پۆستی ئیداری, لەسەر ئاستی وەزارەتەکانیش هەریەک لە وەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی، پیشەسازی و 32 دەستەی سەربەخۆ بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، لەنێویشیاندا هەریەک لە دەستەکانی شەهیدان، زیندانیان، حەج و عومرە و وەبەرهێنان هەن.

هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندینجار بەڵێنی دابوو، ئەو پۆستانە بە کەسانی ته‌کنۆکرات پڕبکاتەوە، بەڵام بەڵێنەکەی تەنیا قسەیەک بوو و لێوارەکانی ژووری بڕیاردانەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕ نەکرد.